زیاتر لە 74 هەزار پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان بەشێوەی دیجیتاڵی هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، زیاتر لە 74 هەزار پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێوەی دیجیتاڵی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی حەوت وەردەگرن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بەراورد بە مانگی ڕابردوو، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی بەڕێگەی دیجیتاڵی هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەیە لە بەهێزکردنی ڕێکەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ دابەشکردنی پارەی هاندانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە.
ژمارەی هێزەکانی یەکە هاوبەشەکانی پێشمەرگە بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر- 34900 پێشمەرگە
سلێمانی-15700 پێشمەرگە
دهۆک-23800 پێشمەرگە
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 850 هەزار سوودمەند لە کەرتی گشتی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەژماری بانکی لە پڕۆژەی هەژماری من، لە مانگی ڕابردووشدا، زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەری مەدەنی بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان لە بانکە ڕێگەپێدراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق وەرگرت.
ڕاشیدەگەینێت: لە پرۆژەی هەژماری من تاوەکو ئێستا، نزیکەی 400 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون و هاوڵاتییان دەتوانن بەکاریانبهێنن لە هەر کاتێکدا.