پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەستی پێ کردەوە
بەڕێوەبەری ئاوی دەورووبەری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەستی پێ کردووەتەوە و بڕیارە تاکوو نۆ مانگی دیکە، ئاوی پاک بگەیەنێتە تەواوی دەربەندیخان و کۆتایی بە کێشەی نەبوونی ئاو و خراپیی کوالێتیی ئاو بێنێت.
پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، شێروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەورووبەری سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان، لە ساڵی 2019ـەوە کارکردن تێیدا وەستاوە، لە 15ـی تەممووزی ئەمساڵ بڕیاردراوە دەست بە پرۆژەکە بکرێتەوە، دەڵێت: بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکان، کۆمپانیای جێبەجێکار چەندین جار پرۆژەکەی ڕاگرتووە و دەست پێ کردووەتەوە، بەڵام لە 15ـی تەممووزی ئەمساڵ بڕە پارەیەک بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە تەرخانکرا، دوای بەخشینی ئەو شایستە داراییە، پێویستە کۆمپانیای جێبەجێکرا تاکوو نۆ مانگی دیکە پرۆژەکە تەواو بکات.
بەڕێوەبەری ئاوی دەورووبەری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، پرۆژەکە ستراتیژیی و گەورەیە، ناوچەکە پێویستی بە پرۆژەیەکی لەو شێوەیە هەبوو، چونکە کوالێتی ئاوی دەربەندیخان وەک پێویست نییە بەهۆی پاشەڕۆی کارگەکان کە دەچنەوە نێو تانجەرۆ، هەر لەبەر ئەوە، پرۆژەکە یەکەی پاککردنەوە و پاڵاوتنی تێدایە کە توانای پاڵاوتنی هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا.
شێروان جەمال دەشڵێت: پرۆژەکە توانای فراوانکردنی هەیە بەشێوەیەک دەتوانێت 500 مەتر سێجا ئاوی زیاتر لە کاتژمێرێکدا بپاڵێوێت ئەگەر لە ئایندەدا پێویست بێت، ڕایگەیاند: دەربەندیخان پێویستی بە دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە هەیە لە کاتژمێرێکدا، بەپێی ڕێککەوتنی نوێش لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار، بڕیارە 15ـی نیسانی 2026 پرۆژەکە تەواو بکرێت، بەمەش کێشەی کەم ئاوی و کوالێتی خراپی ئاوی خواردنەوە لە دەربەندیخان چارەسەر دەبێت.