بەرهەمی خەیار لە بازاڕدا کەمی کردووە
سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی دەڵێت: بەهۆی کەمی بەرهەمی خەیار لە بازاردا، نرخی یەک کیلۆ هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
ڕۆژی هەینی، 8ـی ئابی 2025، سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: ئێستا حکومەتی عێراق کەمتر ڕێگە دەدات بەرهەمی خەیار بهێنرێتە هەرێمی کوردستان، بۆیە نرخی یەک کیلۆ هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵیی عەلوەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، پێشتر بەرهەمی ڕۆژانەی خەیاری خانووە پلاستیکییەکان هەزار و 200 بۆ هەزار و 500 تۆن بوو کە نرخەکەی لەنێوان 250 بۆ 350 دینار بوو، هاوکات لە ناوچەکانی باشووری عێراقیش هاوردە دەکرا، کەچی ئێستا بەرهەمی خەیار کەمی کردووە وگەیشتووە کەمتر لە 750 تۆنی ڕۆژانە، سەرباری ئەوەی بەرهەم لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیشەوە نایێت، بۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
گوتیشی: بۆ ئەوەی نرخی خەیار وەکو پێشووتری لێبێتەوە، دەبێت چاوەڕێی پێگەیشتنی بەرهەمی دووەمی خانووە پلاستیکییەکان بکەین.
هاوکات دەربارەی بەرهەمە ناوخۆییەکان، سەروەر عەلی دەڵێت: بەرهەمی ناوخۆ لە ئێستادا زۆرە و ڕۆژانە 2500 بۆ 2700 تۆن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێتەوە.
جگە لە خۆخ وقەیسی و سێوی بەرهەمی هاوینە، هاوردەکردنی هەموو بەرهەمێکمان ڕاگرتووە ،چونکە بەرهەمی ناوخۆ بەشی ناوخۆ دەکات و ڕەوانەی خوارووی عێراقیشی دەکەین.