دهۆک..سیستەمی بەخێوکردنی ماسی لە شوێنی داخراودا جێبەجێ دەکرێت

لە پارێزگای دهۆک، سیستەمی بەخێوکردنی ماسی لە شوێنی داخراودا لەماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای دهۆک دەڵێت: سیستەمی بەخێوکردنی ماسی لە شوێنی داخراودا، باشترین جۆری بەرهەمهێنانی ماسییە.

محەممەد سدیق، سەرپەرشتیاری پرۆژەیەکی ماسی لە پارێزگای دهۆک کە سیستەمە نوێکەی جێبەجێ کردووە، بۆ کوردستان24 گوتی:" ئەم سیستەمە، جیاوازە لەگەڵ سیستەمەکانی دیکەی بەخێوکردنی ماسی لە عێراق و وڵاتانی دەرەوەش، چونکە سیستەمێکی تەواو کۆنتڕۆڵە، لەبەر ئەوەی کەسێک بە تەنها دەتوانێت، کۆنتڕۆڵی ئۆکسجین و پلەی گەرمی و یۆریۆ لە پرۆژەکەدا بکات.

دەشڵێت: جیاوازییەکی دیکەی ئەم سیستەمە ئەوەیە، دەتوانرێت لە ساڵێکدا، سێ جار بەرهەمەکانی بخاتە بازاڕەوە کە لە پرۆژەی دیکەدا لە ساڵێکدا یەک جار بەرهەم دەخرێتە بازاڕ.

بەپێی ئەم سیستەمە نوێیە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ماسی لەهەر کەرەتێکدا، زیاتر لە  600 هەزار ماسییە، سەرباری ئەوەی، دەتوانرێت پرۆژەکە لەهەموو لایەکەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

لەبارەی پرۆژەکانی ماسی و ڕێژەی بەرهەمهێنانی ماسی لە پارێزگای دهۆک، ڕێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  گەورەترین پرۆژە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا لە پارێزگای دهۆک،  ڕێژەی بەرهەمهێنانی ماسی لە ساڵێکدا هەزار و 200 تۆنە، دەشڵێت: ماسی لە حەوزی  فایبەر گلاس و ماسیی جۆری سەلەمون لە حەوزی کۆنکریتی بەخێودەکرێن، ئەمانەش تا ئاستێکی باش، بەخێوکردنێکی دروستی ماسییە.

بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی موسڵ، هاوکات بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لەنێو ماسییەکاندا، بەخێوکردنی ماسی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، ئەمەش وای کردووە، خاوەنی پرۆژەکانی ماسی، بەدوای چارەسەریەکدا بگەڕێن بۆ بەرهەمهێنانی ماسی.

سیستەمی بەخێوکردنی ماسی لە شوێنی داخراودا