ترەمپ لە بەرانبەر خۆپیشاندان دژی ئیسرائیل داوای یەک ملیار دۆلار لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەکات
دۆناڵد ترەمپ، داوا لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەکات بڕی یەک ملیار دۆلار وەک پێبژاردن بدات، چونکە ئیدارەکەی ترەمپ ئەو زانکۆیەی بە خۆییشاندان دژی جووەکان تۆمەتبار کردووە، کە لە پشت ناڕەزایەتی قوتابیان بووە دەربارەی شەڕی غەززە.
جەیمس میلیکن، سەرۆکی زانکۆی کالیفۆرنیا ڕایگەیاند، سزاکە پێنج هێندەی ئەو سزایەیە کە بەسەر زانکۆی کۆڵۆمبیادا سەپێنراوە و کە ڕەزامەند بووە پارەکە بدات، چونکە ئەویش هەمان تۆمەتی دژە جووی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە خراوەتە پاڵ، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو سزایە سیستەمی زانکۆی کالیفۆرنیان بە تەواوی لەناو دەبات.
میلیکن ڕاشیگەیاند، ڕۆژی هەینی، کارگێڕان داواکاری سزای یەک ملیار دۆلاریان وەرگرتووە و پێداچوونەوەی بۆ دەکەن.
ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاویکردووەتەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیار لە گاڤین نیوسەم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی زانکۆکە کراوە، سەبارەت بە سزاکەی ترەمپ، ئەو وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئێمە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین"، ترەمپ هەوڵی بێدەنگکردنی ئازادی ئەکادیمیا دەدات.
گاڤین نیوسەم ئەو سزایەی بە "هەڕەشە" وەسف کردووە و ستایشی سیستەمی زانکۆی کالیفۆرنیای کردووە و دەڵێت "زانکۆکە یەکێکە لە سەرچاوە ئابووریەکانی ئەمەریکا، هەروەها زانا و ئەندازیار و براوەی خەڵاتی نۆبڵی لە هەموو ویلایەتەکانی دیکە زیاترە"،
هەروەها حکوومەتی ئەمەریکا داوا دەکات زانکۆکە 172 ملیۆن دۆلار بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی قوتابیە جووەکان و ئەو قوتابیانەی بەهۆی ناڕەزایەتییەکان زیانیان پێگەیشتووە.
