مەریوان هادی: ئەم هەفتەیە تیروپشک بۆ نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوی دەکرێت

مەریوان هادی
مەریوان هادی

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند: ئەم هەفتەیە تیروپشک بۆ 1500 بۆ دوو هەزار پارچە زەوی لە سنووری شەمامک، دەکرێت.

یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم هەفتەیە، لە سنووری ناوچەی شەمامکی سەر بە هەولێر، تیر و پشک بۆ 1500 بۆ دوو هەزار پارچە زەوی بۆ ڕاژەی شارستانیی و سەربازیی دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا شەش شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، تیر و پشکی پێدانی زەوییان بە فەرمانبەران ئەنجام داوە، دەڵێت: لەم هەفتەیەدا دوو شارەوانی دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر، تیر و پشک بۆ ئەو پارچە زەوییانە دەکات کە بڕیارە بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکانیان دابەش بکرێت.

پێشتر، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاندبوو: " ڕەزامەندیی تەرخانكردنی زەوی بۆ بەشێكی دیكەی پێشمەرگەکانی یەكەكانی 70 و 80  لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕاوەتەوە، كە نزیكەی 25 هەزار ناو دەبێت و هەر یەکێکیان لە پارچەیەکی 200 مەتری سوودمەند دەبن.

گوتوویەتی:"ئەو ناوانە كە بە لیست گەڕاونەتەوە، دەستمان پێكردوووە و نووسراویان بۆ دەكرێت و پێدانی زەوی  هەر یەکێک لە سوودمەندبووەکان بەگوێرەی شوێنی نیشتەجێبوون، كارتی زانیاری، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جیا دەكرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەكانیان ڕەوانە دەكەین، بۆ ئەوەی زەوی پێ بدرێت.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.