بۆ جاری یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، ناوەندێکی پەرەپێدانی بیرۆکە و داهێنان لە دهۆک کرایەوە

لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، ناوەندی پەرەپێدانی بیرۆکە و داهێنان (Impact Hub Duhok) بە فەرمی کرایەوە، کە بە یەکەمین ناوەندی لەم جۆرەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، و دووەمین لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

ئەم ناوەندە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پشتیوانیکردنی بیرۆکە و داهێنانی گەنجان. لیژنەیەکی پسپۆڕ هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە و بیرۆکە پێشکەشکراوەکان دەکات و کار لەسەر پەرەپێدانیان دەکات.

 ئومێد ئیدۆ، بەڕێوەبەری ناوەندەکە ڕایگەیاند: "ئەم ناوەندە هاوکاری گەنجان دەکات لە ڕێگەی وۆرکشۆپ و پڕۆگرامەوە، هەروەها فێری ئەو کارامەییانەیان دەکەین کە بازاڕی کار پێویستی پێیەتی. ئەگەر کەسێک بیرۆکەیەکی هەبێت، ئێمە یارمەتی دەدەین بۆ ئەوەی بیکاتە پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو."

هاوکات لەگەڵ کردنەوەی ناوەندەکەدا، 48 بیرۆکەی نوێی داهێنەرانە لە بوارە جیاجیاکاندا نمایشکران، کە لە ئەنجامدا شەش گرووپی گەنجان هەڵبژێردران بۆ وەرگرتنی پشتیوانی. گەنجانی بەشداربوو دڵخۆشیی خۆیان بە کردنەوەی ئەم ناوەندە دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگیان زانی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و خزمەتکردنی وڵات.

سۆز زانا، یەکێک لە بەشداربووان، ئاماژەی بە پڕۆژەکەیان کرد و گوتی: "پڕۆژەکەمان بریتییە لە بیرۆکەیەکی نوێی ئۆفیس لەسەر ئاستی کوردستان و جیهان، کە بە بەکارهێنانی وزەی خۆر کاردەکات و پێویستی بە کارەبای نیشتمانی نییە. هەروەها لە ڕێگەی بەکارهێنانی قەوزەوە (ئەلجی) ئۆکسجین بەرهەم دەهێنێت."

ئالان ئیسماعیل، بەشداربوویەکی تر، گوتی: "زۆر گەنج هەن بیرۆکەیان هەیە، بەڵام ناتوانن جێبەجێی بکەن. کردنەوەی ئەم ناوەندە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بتوانین بیرۆکەکانمان پەرە پێبدەین و بیانکەینە بەرهەم و پێشکەشی خەڵکی بکەن."

شایەنی باسە کە 120 ناوەندی هاوشێوە لە 70 وڵاتی جیهاندا بوونیان هەیە، و ناوەندی پەرەپێدانی بیرۆکە و داهێنان لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان-دهۆک مۆڵەتی فەرمی بۆ کارکردن وەرگرتووە. ئەم ناوەندە پێشوازی لە بیروبۆچوون و داهێنانی قوتابیان و دەرچووان و گەنجانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەکات و دەبێتە وێستگەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 
Fly Erbil Advertisment