بە فەرمی تیروپشكی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو راكێشرا
یاریی كردنەوەی خولەكە لە نێوان زاخۆ و قادسیە دەكرێت
بە فەرمی تیروپشكی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 راكێشرا و یانەی زاخۆ كەوتە كۆمەڵەی یەكەم، یاریی كردنەوەی خولەكەش بە یاریی نێوان زاخۆ و قادسیە دەست پێدەكات.
ئەمرۆ دووشەممە، 11 ئابی 2025، تیروپشكی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو بە بەشداریی نوێنەری هەشت وڵاتی كەنداوی عەرەبی راكێشرا، یانەی زاخۆ كەوتە كۆمەڵەی یەكەم و شانبەشانی یانەكانی عەینی ئیماراتی، قادسیەی كوێتی و سترەی بەحرێنی یاریی دەكات.
كۆمەڵەی دووەم لە یانەكانی رەیانی قەتەری، شەبابی سعوودی، نەهزەی عومانی و حەزرەمووتی یەمەنی پێك دێت، خولەكەش رۆژی 16ـی مانگی داهاتوو بە یاریی نێوان زاخۆ و قادسیە دەست پێ دەكات. یاریی كۆتایی خولەكەش لە رۆژی 14ـی نیسانی 2026 بەڕێوە دەچێت.