بێستون بەکر: ساڵانە زیاتر لە 800 هەزار پەنجەماسی بەرهەم دەهێنین
بەڕێوەبەری سامانی ماسی رایگەیاند، ساڵانە 850 هەزار پەنجەماسی بەرهەم دەهێنین و بەسەر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکەین.
بێستون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە وەزارەتی کشتوکاڵ پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی پەنجەماسیمان هەیە کە ساڵانە 500 هەزار تاوەکوو 850 هەزار پەنجەماسی بەرهەم دەهێنین.
بێستون بەکر گوتیشی: ئەو پەنجەماسیانە ساڵانە بەرهەم دەهێنین، بەسەر بەنداو و کۆگانی ئاو لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکەین.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی سەبارەت بە زیادبوونی بەرهەمی پەنجەماسی گوتی: ئەمساڵ بەرهەمهێنانی پەنجە ماسی بەراورد بە پارساڵ زیادیکردووە.
یەکشەممە، 3ـی ئابی2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، وەزارەتی کشتوکاڵ بە مەبەستی بایەخدان بە سامانی ماسی، ساڵانە زیاتر لە 650 هەزار پەنجەماسی دەخاتە ناو بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
هیوا عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، 03ـی ئابی 2025، یەکەم هەڵمەتی ئەمساڵی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەست پێ کرد و زیاتر لە 400 هەزار پەنجەماسیان خستووەتە نێو بەنداوی دوکانەوە.
بە گوتەی هیوا عەلی، وەزارەتی کشتوکاڵ، بایەخەکی زۆر بە سامانی ماسی دەدات و پلانیان هەیە سامانەکە زیاتر بکەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی ماسی لە هەرێـمی کوردستان، زیاتر لە سێ هەزار تۆنە و ئێستا گەورەترین پرۆژەی ماسی لە پارێزگای دهۆکە.
لە هەرێمی کوردستان، 412 پرۆژەی مۆڵەتپێدراو هەن کە گۆشتی ماسی بەرهەم دێنن؛ چوار پرۆژەی حکوومییش بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن.
ئەو پرۆژانە زیاتر لە سێ هەزار هەلیکاریان بۆ دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە کە سەرمایەی پرۆژەکان زیاتر لە 30 ملیار دینارە.
کابینەی نۆیەم لێخۆشبوونی گومرگی بۆ پرۆژەکانی بەرهەمی ماسی دەر کردووە و کارەباکەشیان بە نرخی کارەبای کشتوکاڵی نەك بازرگانی بۆ هەژمار دەكرێت، تاكوو تێچووی بەرهەمهێنانیان لەسەر كەم ببێتەوە و بەرهەم زیاد بكات.
پەرەپێدانی سامانی ماسی و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەرنامەی کابینەی نۆیەمە و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی بە ئاستی خۆبژێوی لە سامانە جۆربەجۆرەكانی ئاژەڵداری بەردەوامە. بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت بەرهەمهێنانی سامانی ماسی بگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر.