حەییان عەبدولغەنی: هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی بانیاس و تەرابلوس تاوتوێ دەکەین

وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەی سووریا کۆبوونەوە و، هەردوولا ڕێککەوتن هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەکانی بانیاس لە سووریا و تەرابلوس لە لوبنان بکەن.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە بەغدا، پێشوازیی لە محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا و شاندی یاوەری کرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، وەزیری نەوتی وڵاتەکە و وەزیری وزەی سووریا، لە میانی کۆبوونەوەی نێوانیان، باسیان لە هاریکاری و هامەهانگیی هاوبەشی نێوان هەر دوو وڵات، لە بوارەکانی نەوت، گاز و وزە کرد.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا مێژوویین، هەروەها جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانەی کردەوە، ئەویش لە پێناو بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەر دوو وڵات.
هاوکات باسی لە بۆری نەوتی عێراق- سووریا کرد و گوتی: پێویستە ئەو بۆرییە نۆژەن بکرێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەوت لە ڕێگەیەوە هەناردە بکرێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوو وەزیر تاوتوێی پێشنیازەکانی هەناردەکردنی نەوت، لە ڕێگەی بەندەری بانیاس لە سووریا و بەندەری تەرابلوس لە لوبنان کرد.
هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ مەبەستی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی عێراق – سووریا و هەناردەکردنەوەی نەوت لەو ڕێگەیەوە.