عێراق و تورکیا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی تایبەت بە هاوکاریی گومرگی ڕێککەوتن

بەرپرسانی باڵای گومرگی عێراق و تورکیا، بە مەبەستی هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتری بازرگانی، لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی گومرگی ڕێککەوتن.
سێشەممە 12ـی ئابی 2025، لە ئەنقەرە، سەزایی ئوچارماک، جێگری وەزیری بازرگانیی تورکیا و سامی حوسێن ڕازی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گەیاندن و گومرگ، کۆبوونەوە.
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا هاوکاری و هەماهەنگییەکان، لە بوارەکانی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا.
هەردوولا جەختیان لە پەرەدان بە هەماهەنگیی نێوانیان لە بواری گومرگی کردەوە، هاوکات لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی تایبەت بە هاوکاریی گومرگی ڕێککەوتن.