ئه‌و 8 یاریزانه‌ی بارسێلۆنایان ره‌تكردووه‌ته‌وه
جگه له ئۆبامیانگ ئه‌م 8 یاریزانه‌ش ئاماده‌نه‌بوونه یاری بۆ بارسێلۆنا بكه‌ن

یانه‌ی بارسێلۆنا كه 120 ساڵه دامه‌زراوه و خاوه‌نی 5 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 26 نازناوی لالیگا و 30 نازناوی جامی شای بردووه‌ته‌وه به‌ڵام زۆرێك له ئه‌ستیره‌كان پۆشینی درێسی بارسێلۆنایان ره‌تكردووه‌ته‌وه.
له‌م راپۆرته‌دا دیارترین ئه‌و یاریزانانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه ئاماده‌نه‌بوونه په‌یوه‌ندی به یانه‌ی بارسێلۆنا بكه‌ن.
1ـ كیڤن گامیرۆ
ئه‌م هێرشبه‌ره فه‌ره‌نسییه دوای ئه‌وه‌ی وه‌رزێكی سه‌ركه‌وتووی له‌گه‌ڵ سێڤییا تێپه‌ڕ كرد و نازناوی یۆرۆپالیگی له‌گه‌ڵ یانه ئه‌نده‌نووسییه‌كه برده‌وه، له هاوینی 2016 بارسێلۆنا ئۆفه‌رێكی پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه ئاماده‌نه‌بوو یاری بۆ بارسێلۆنا بكات و رایگه‌یاند كه ئه‌و یانه‌یه مێسی، نێیمار و سوارێزی هه‌یه و هیوایه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و له‌و پێكهاته‌یه بێته‌وه، بۆیه به 28 ملیۆن یۆرۆ له جیاتی بارسێلۆنا روویكرده ئاتڵێتیكۆ مه‌درید.

2ـ كوكی:
دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید گه‌یشته یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی 2014، بارسێلۆنا بۆ گواستنه‌وه‌ی كوكی چووه سه‌رهێڵ، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه مانه‌وه‌ی له یانه‌كه‌ی هه‌ڵبژارده و حه‌زی نه‌كرد له بارسێلۆنا یاری بكات.

3ـ ماركۆ ئاسێنسیۆ:
ئه‌م یاریزانه كه ئێستا له ریال مه‌درید یاری ده‌كات، بژارده‌ی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م بوو درێسی بارسێلۆنا بپۆشێت، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ده‌متوانی له بارسێلۆنا یاری بكه‌م و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ هاته پێش، به‌ڵام من ریال مه‌درید هه‌ڵبژارد، نه‌مویست درێسی بارسێلۆنا بپۆشم، چونكه خه‌ونی من ئه‌وه بوو ببمه یه‌كێك له ئه‌ستێره‌كانی داهاتووی ریال مه‌درید.

4ـ رافاییل گیریرۆ
دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال له یۆرۆی 2016 تۆمار كرد، چه‌ندان یانه‌ی گه‌وره بۆ گواستنه‌وه‌ی رافاییل گیریرۆی پورتوگالی هاتنه سه‌رهێڵ كه ئه‌وكات ئه‌و یاریزانه یاری بۆ یانه‌ی لۆریانی فه‌ره‌نسی ده‌كرد، دیارترینیان یانه كه ئاره‌زووی گواستنه‌وه‌ی ده‌كرد بارسێلۆنا بوو، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه به نه‌خێر وه‌ڵامی ئۆفه‌ره‌كه‌ی بارسێلۆنای دایه‌وه ئۆكه‌ی بۆ یانه‌ی بوروسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانیا كرد.

5ـ ماوریسیۆ لیمۆس
ئه‌م به‌رگریكاره ئۆروگواییه كه ئێستا ته‌مه‌نی 24 ساڵه، پێش چوار ساڵ بارسێلۆنا ئۆفه‌رێكی پێشكه‌ش كرد كه ئه‌وكات یاری بۆ یانه‌ی لاس پاڵماسی ئیسپانیا ده‌كرد، به‌ڵام رۆیشتنی بۆ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه ره‌تكرده‌وه و گوتی: ته‌مه‌نی ئێستام كه 20 ساڵه گونجاو نییه بۆ ئه‌وه‌ی له بارسێلۆنا یاری بكه‌م، پێمباشه هه‌ر له لاس پاڵماس بمێنمه‌وه.

6ـ تیاگۆ سیلڤا
تیاگۆ سیلڤا به‌رگریكاری به‌رازیلی پێش ئه‌وه‌ی رووبكاته پاریس سانجێرمان له لایه‌ن بارسێلۆنا داوا كرا، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه رۆیشتنی بۆ بارسێلۆنا ره‌تكرده‌وه و ئێستاش یاری بۆ یانه‌ی چێڵسی ده‌كات.

7ـ داریۆ سرنا
ئه‌م ناوه‌راستكاره كرواتییه كه ئێستا وازی له یاریكردن هێناوه له لایه‌ن بارسێلۆنا داوا كرا، به‌ڵام نه‌یتوانی ده‌ستبه‌رداری یانه‌ی منداڵی خۆی بێت كه یانه‌ی شاختار بوو كه ماوه‌ی 15 ساڵ له ڕیزه‌كانی ئه‌و یانه‌یه یاری كرد و ئێستا به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشییه له هه‌مان یانه.

8ـ د‌یڤید لویز
ئه‌م به‌رگریكاره به‌رازیلییه كاتێك له 2014 به به‌های 50 ملیۆن یۆرۆ له یانه‌ی چێڵسییه‌وه روویكرده پاریس سانجێرمان، له هه‌مان ساڵ بارسێلۆناش بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌ستی به گفتووگۆ كرد، به‌ڵام ئه‌و رۆیشتنی بۆ پاریس به بڕیارێكی دروستتر زانی له‌وه‌ی بچێت یاری بۆ بارسێلۆنا بكات.

9ـ ئۆبامیانگ
بارسێلۆنا له‌م هاوینه‌دا هه‌وڵی دا ئۆبامیانگ بكاته شوێنگره‌وه‌ی لویس سوارێز، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه مانه‌وه‌ی له ئارسێناڵ هه‌ڵبژارد و رایگه‌یاند ده‌وێت هاوشێوه‌ی تێری هێنری ببێته ئه‌ستێره‌یه‌كی مێژووی یانه له‌نده‌نییه‌كه، دواجار مانه‌وه‌ی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی میكیل ئارتێتا هه‌ڵبژارد و گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ دوو ساڵی دیكه له‌گه‌ڵ ئارسێناڵ درێژ كرده‌وه.
.jpg)