سامان سیوەیلی: تاوەکوو ئێستا وادەی وەرزی نوێی خوێندن دیارینەکراوە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوونە و پەروەردەی شارۆچکەکان میلاکی مامۆستایانیان ڕێکخستووەتەوە.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا حەوت هەزار و 500 مامۆستا لە هەرێمی کوردستان خانەشین بوون و تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەکە دەگاتە 11 هەزار مامۆستا.
سامان سیوەیلی گوتیشی: پەروەردەی شارۆچکەکان میلاکی مامۆستایانیان رێکخستووەتەوە بە هۆی خانەنشینی مامۆستایان هیچ گرفتێکی کەمی میلاک دروست نابێت، لە ئەگەری دروستبوونی بۆشایی نووسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، بۆ ئەوەی گرفتی کەمی مامۆستامان بۆ چارەبکات.
دەربارەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکوو ئێستا وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن دیارینەکراوە، لە کۆتایی مانگی هەشت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت ساڵنامەی خوێندن پەسند دەکرێت و بڕیاری دەستپێکی دەوام لە قوتابخانەکان دەدرێت و دەستبەکاربوونی مامۆستایان دیاریدەکرێت.
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ لێدوانێکیان لەبارەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن نەداوە.