هەرێمی کوردستان.. بەرهەمی گۆشتی مریشک ساڵانە زیاتر لە 280 هەزار تۆنە

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێم بەرهەمی گۆشتی مریشک زیادی کردووە و هەزار و 510 پرۆژەی پەلەوەرخانە هەن.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: نرخی مریشکی زیندوو جێگیر نییە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەگەر مریشک لە سێ کیلۆ کەمتر بوو لە پەلەوەرخانەکان بە دوو هەزار و 450 دینارە، بەڵام لە سێ کیلۆ زیاتر بە دوو هەزار و 800 دینارە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی: لە ساڵی 2019، هەزار و 510 پڕۆژەی پەلەوەری گۆشت هەبوو، بەڵام ئێستا بۆ هەزار و 948 پرۆژە زیادی کردووە.
فیراس سدیق ئاماژەی بەوە کرد، بەرهەمی گۆشتی مریشک ساڵانە زیاتر لە 280 هەزار تۆنە، هەروەها بڕی پێویستی هێلکە بۆ خواردنی ڕۆژانە، دوو ملیۆن و 672 هەزارە، بەڵام ڕێژەی بەرهەمی هێلکەی ڕۆژانە، 20 ملیۆن و 700 هەزارە دانەیە.
جگە لە بەرهەمی گۆشتی مریشک، هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵی گەورە و بچووکە، بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچووک و 250 هەزار ئاژەڵی گەورە هەن.