وەزارەتی ئەوقاف: لە مینبەری مزگەوتەکانەوە هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر دەدرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئاماژە بەوە دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەیانەوێت سەرجەم مامۆستایانی ئایینی لە ڕێگەی خول و سیمیناری جیاوازەوە، لەسەر مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر زانیاری وەرگرن.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕێگەی چەندین خول و سیمینارە وە، زانیاری بە مامۆستایانی ئایینی گوتاربێژ دەدەین، دەربارەی زیانەکانی ماددەی هۆشبەر بۆ ئەوەی لە گوتاری ڕۆژانی هەینی، نوێژخوێنانی لە مەترسییەکانی ئاگادار بکاتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتیشی: پرۆسەکە لەناو سەنتەری شاری هەولێر بەردەوامە، هەفتانە دوو سیمینار یان خول بۆ مامۆستایان ئەنجام دەدەین، هەوڵدەدەین زۆرترین مامۆستای ئایینی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان سوودمەند بن.

نەبەز ئیسماعیل، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم پرۆسەیە دەگوازینەوە نێو سەرجەم حوجرە و بنکەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئایینی، لە ڕێگەی حوجرەکانیش گرنگی بەم بابەتە بدەن و زیاتر ببنە هۆی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر.

لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 300 مزگەوت هەن، گوتاری هەینی لە سێ هەزار و 450 مزگەوت پێشکەش دەکرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment