نەبەز ئیسماعیل: ئەو قورئانخوێنانەی بەشداری لە پرسەکاندا دەکەن دەبێت باجی دەنگخۆشییان هەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: بەگوێرەی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای هەولێر، ئەو قورئانخوێنانەی لە پرسەکاندا قورئان دەخوێنن، دەبێت باجی وەزارەتیان هەبێت و مەرجیشە دەنگیان خۆش بێت.
شەممە، 16ـی ئابی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: مەرجە هەموو ئەو قورئانخوێنانەی بەشداری لە پرسەکاندا دەکەن، باجی دەنگخۆشییان هەبێت. دهشڵێت، وەکو قۆناغی یەکەم، بڕیارەکە تەنیا پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە.
نەبەز ئیسماعیل گوتیشی: لیژنەیەکی پسپۆر بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ئەوقاف پێکهێنراوە، هەفتانە دوو ڕۆژ تاقیکردنەوە بەو کەسانە دەکەن، کە ئارەزوومەندن ببنە قورئانخوێن، هاوکات مەرجە قورئانخوێن دەنگی خۆش بێت.
نەبەز ئیسماعیل روونیشی کردەوە، ئەو کەسانەی لە پرسەکاندا قورئان دەخوێنن کەسانی ناسراو و مامۆستای ئایینین، پێشتر هیچ کەسێک بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە دیاریی نەکرابوو.
بەگشتی، لە هەولێر 49 پیاو و 33 ئافرەت لە پرسەکاندا قورئان دەخوێنن. پرۆسەکە بە تاقیکردنەوەی دەنگ دەبێت و ئەوانەشی شیاو نەبن، خولی ڕاهێنانیان بۆ دەکرێتەوە.