ئیکۆ عێراق: لە 75%ـی نەوتی عێراق هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا دەکرێت

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری ڕایگەیاند، زۆرینەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەنێرنە بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمەش بەهۆی هەرزانی تێچووی گواستنەوەی نەوتەکەیە.
دورەید عەبدوڵڵا شارەزای بواری وزە لە ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "نزیکەی 75%ـی نەوتی عێراق هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا دەکرێت." ڕوونیشیکردەوە "نەوت لە ڕێگەی بەندەری بەسرە بۆ وڵاتانی ئاسیای وەک چین و هیندستان هەناردە دەکرێت، چونکە ئاسیا هەرزانترین و خێراترینە بۆ گواستنەوە، بەتایبەتی لە بەندەری بەسرە."
دورەید ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێستا ناتوانرێت بڕی هەناردەی نەوت بۆ ئەو وڵاتانە زیاد بکرێت، چونکە بازاڕی ئاسیا پڕە و پێویستی بە زیادکردنی هاوردەی نەوت نییە." بەتایبەت ڕووسیا و سعوودیە زۆرتری بڕی نەوت بۆ بازاڕی ئاسیا دابین دەکەن.
دورەید گوتیشی: "3%ـی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی دەریای سوورەوە دەچێتە بازاڕەکانی ئەورووپا و دواتر کەناڵی سوێس، هەروەها نرخی تێچووی ئەم بۆرییە، هەر بەرمیلێک 10 دۆلاری زیاترە بەراوورد بە بازاڕەکانی ئاسیا."
ئەو شارەزایەی بواری وزە باسی لەوەش کرد، "نزیکەی 10%ـی نەوتی عێراق، لە ڕێگەی دوو بۆری میسریی بەڕێگەی دەریای سوورەوە هەناردەی بەندەری سەیدی کەریر دەکرێت. ڕوونیشیکردەوە، هێڵەکانی گواستنەوە بۆ ئەم بۆرییە گرانن، چونکە تێچووی گواستنەوە لە بەسرە بۆ دەریای ناوەڕاست لەسەر حیسابی وەزارەتی نەوتە تا ئەو کاتەی لە بەندەرەکانی ئەوێ دەفرۆشرێت.
ڕاشیگەیاند، لە 7%ـی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری بەسرەوە هەناردەی ئەمەریکا دەکرێت، کە هەرزانترین ڕێگەی بۆ فرۆشتنی لە ئەمەریکای باکوور، گوتیشی: لە 5%ـی هەناردەی تونس و باشووری ئەفرقا و وڵاتانی دیکە دەکرێت.
ئەو شارەزایە جەختی لەوەشکردەوە "چارەسەری گونجاو بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان و زیادکردنی توانای هەناردەکردن، بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی هەردوو بۆری نەوتی بێجی-کەرکووکەوە بۆ دەریای ناوەڕاست لە ڕێگەی تورکیاوە، هەروەها بۆری کەرکووک- بانیاس."