ئابووری ئەمەریكا داكەوتنی مێژوویی تۆماردەكات

خەرجی بەكاربەرە بە رێژەیەكی بەرچاو داكەوتووە

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی خوێندنەوەی كۆتایی پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ئابووری لە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكادا، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ئابووری وڵاتەكە لە ماوەی چارەكی دووەمی ئەمساڵ بەرێژەی 31.4% داكەوتنی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ، ئەوەش بە خراپترین رێژە ھەژمار دەكرێت لە مێژووی ئەمەریكا.

ئاماژەی بەوەشداوە، كۆی بەرھەمی ناوخۆیی لە ئەمەریكا لە چارەكی دووەمدا بەرێژەی 32.8% دابەزیوە كە یەكسانە بە 2 ترلیۆن و 40 ملیار دۆلار و  بەراورد بە چارەكی یەكەمدا زۆر زیادیكردووە، ئەو دابەزینەش رەنگدانەوەی لە كەمبوونەوەی خەرجی تاكەكان و ھەروەھا ھەناردە و وەبەرھێنان و خەرجی حكومی و ناوخۆییدا ھەبووە، بەڵام لە رێگەی زیادكردنی خەرجی حكومی فیدراڵی توانرا تا رادەیەك زیانەكان قەرەبووبكرێتەوە.

ھەرچی خەرجی بەكاربەرە، كە بە بزوێنەری سەرەكی ئابووری ئەمەریكا دادەنرێت بەشێوەیەكی بەرچاو داكەوتووە، چونكە مانگی رابردوو بە ملیۆنان ئەمەریكی بیمەی بێكاریان كۆتایی ھات .

ئەوەش لە كاتێكدایە دیموكرات و كۆمارییەكان لە گەیشتن بە رێككەوتن دەرباری پڕۆژە یاسایەكی نوێ كە لە رێگەیەوە لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری وڵاتەكە سووككەنەوە، شكستیان ھێناوە.

Fly Erbil Advertisment