گوتەبێژی كارەبای سلێمانی: پڕۆژەی ڕووناکی لە سنووری پارێزگاکەمان بەردەوامە لە فراوانبوون

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، كارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە 80% ناو سەنتەری شاری سلێمانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە 200 گەڕەک و سەدا 80ـی ناو سەنتەری شاری سلێمانی چوەتە ناو پرۆژەی ڕووناکییەوە.
گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی كارەبای سلێمانی، دەڵێت: كارەبای 24 کاتژمێری تەنیا لەو كاتاندا دەكوژێتەوە، كە تیمەكانمان كار لەسەر چارەسەركردنی كێشەیەك لە محاویلەكاندا دەكەن، ئەوەش لەكاتێكدا دەبێت، كە فنجانێكی فیدەرەكان بشكێت، ئەگینا بەهیچ شێوەیەك ناكوژێتەوە.
ڕاشیگەیاند، كارەبای 24 کاتژمێری ئێستە گەیشتووەتە %80ی گەڕەكەكانی سلێمانی و بەمزووانە تەواوی شار ڕووناك دەبێـتەوە و دەبنەخاوەن كارەبای 24 کاتژمێری.
پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام و مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بە گوێرەی بەکارهێنان دیاریی دەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی شاری هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانج لە پرۆژەکە، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی کوژاندنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان.