گفتوگۆی نێوان ناوبژیوان و ژووری ڤار بڵاو كرایەوە

راهێنەری مایۆركا: سەرم لە ناوبژیوانی یارییەكە سوڕماوە

گەڕی یەكەمی لالیگا بە شەپۆلێکی مشتومڕی ناوبژیوانان دەستیپێکرد، هەموو چاوەكانیش لەسەر كاردانەوەكانی یاریی مایۆركا و بارسێلۆنا بوو كە لە سەرەتای یارییەكە تا كۆتایی پڕ بوو لە رووداوی وەرزشی، دواجار گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانی ناوەڕاست و ژووری ڤاریش بڵاو كرایەوە.
كاردانەوە و ناڕەزاییەكانی مایۆركا لەگەڵ گۆڵی دووەمی بارسێلۆنا لەلایەن فێران تۆرێسەوە دەستی پێكرد، بەوپێیەی فێران كاتێك گۆڵی دووەمی كرد ئەنتۆنیۆ ڕایلۆی یاریزانی مایۆرکا كەوتبووە سەر زەوی، بەڵام ناوبژیوان مونوێرا مۆنتێرۆ بڕیاریدا یارییەکە ڕانەگرێت و گۆڵەكەی بە ئاسایی و یاسایی هەژمار كرد.
رووداوەكان بەردەوامی هەبوو، ڤێدات موریكی یاریزانی یانەی مایۆرکا بەبیانووی توندوتیژی بەرامبەر خوان گارسیای گۆڵپارێزەوە بە کارتی سوور دەرکرا، لە لایەكی دیكەیشەوە رافینیا زۆر بە توندی لە یاریزانێكی مایۆركای دا، بەپێی زۆربەی شرۆڤەكاران و چاودێرانی وەرزشی بەبێ هیچ دوودڵییەك ئەو یاریزانە بەرازیلییە شایستەی كارتی سوور بوو، بەڵام ناوبژیوان تەنیا كارتێكی زەردی بەڕوویدا بەرز كردەوە، بەمەش ناڕەزایی یاریزانانی مایۆركای بەدوای خۆیدا هێنا.

مایۆركا زۆر لە ناویژیوان توڕەیە؟
 خافێر ئاراساتی ڕاهێنەری مایۆركا توڕەیی خۆی لە بڕیارەكانی ناوبژیوان دەربڕی و گوتی: یاریکردن بە 9 یاریزان بەرامبەر بارسێلۆنا و ناوبژیوان مەحاڵە، تاکە شتێکی گەشبینی و ئەرێنی بۆ ئێمە هەوڵی تیپەکە و پاڵپشتی هاندەران بوو، بەداخەوە هاندەران زیاتر لە 100 یۆرۆ بۆ سەیركردنی یارییەكە دەدەن، كەچی بەهۆی ئەو هەموو یاریی وەستان و رووداوانە تەنیا 25 خولەک سەیری تۆپی پێ بکەن.
 خافێر ئاراساتی دەشڵێت: ناوبژیوانی چوارەم بە مونوێرا مۆنتێرۆی ناوبژیوانی ناوەراستی  گوتووە یارییەکە بوەستێنێت، چونکە لێدانێکی گوماناوی هەبووە، سەیرم پێدێت هێشتا بڕوا بەوە ناكەم چۆن ناوبژیوان یارییەكەی رانەگرت، لە كاتێكدا زەبرێكی خراپ بەر سەری یاریزانەكەی ئێمە كەوتووە، كەچی ناوبژیوان رێگەی دا یارییەكە بەردەوام بێت.

گفتوگۆی ژووری VAR
وەک هەمیشە لە وەرزی ڕابردوودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆماری دەنگی گفتوگۆی ژووری VARـی بڵاو دەكاتەوە، بەڵام تەنیا یەك تۆماری دەنگی ژووری ڤار بڵاو كرایەوە كە پەیوەندی بە دەرکردنی موریکی یاریزانی مایۆركا هەبوو.
یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی، بە مونوێرا مۆنتێرۆی ناوبژیوانی ناوەراستی گوتووە: پێشنیار دەکەم بێیت و پێداچوونەوە بە گرتە ڤیدیۆییەکان بکەیت بۆ ئەوەی بڕیارێكی دروست لەبارەی كارتە سوورەكە بدەیت.
ناوبژیوان لە تۆمارەکەدا بەمشێوەیە گفتووگۆ لەگەڵ ژووری ڤار دەكات: کەمێک وێنەكە بۆ دواوە بگەڕێنەوە و یاریزانەکە هەرگیز دەستی لە تۆپەکە نەداوە، گۆشەی ئۆفسایدی ڕاستم پیشان بدە، دەمەوێت لە پشتی گۆڵەوە سەیری بکەم، دەمەوێت هەڵسەنگاندن بۆ توندی لێدانەکە بکەم. بە خێرایی ئاسایی نیشانم بدە. ڕاست لە ساتەوەختی لێدانەکەدا بیوەستێنە، تەوا نایاب.
پاشان ناوبژیوان دوای ئەم گفتوگۆیە، بڕیاریدا لە کارتی زەردەوە بڕیارەكەی بۆ کارتی سووری راستەوخۆ بگۆڕێت.

لە گەڕی یەكەمی لالیگا، بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 3 گۆڵی بێوەڵام لە مایۆركای بردەوە، لەو یارییەدا دوو یاریزانی مایۆركا بە كارتی سووركرایە دەرەوە.