یانەی هەولێر لەگەڵ بەرگریکارێکی گۆڵکار لە گفتوگۆدایە
یەكێكە لە یاریزانە دیارەكانی هەڵبژاردەی ئوردن

یانەی هەولێر بە باشی دەستی بە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کردووە و تاوەکو ئەم ساتە، چەند یاریزانێکیان گواستووەتەوە ریزەکانیان و لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیکەش، بۆ زیاتر بەهێزکردنی ریزەکانی یانەکەیان بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە گفتوگۆدان.
کوردستان24 زانیاری دەستکەوتووە، یەکێک لەو یاریزانانەی کە کارگێڕی یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە، عامر جاموس بەرگریکاری ئوردنی یانەی وەحداتی ئەو وڵاتەیە و لە ئەگەری رازی بوونی هەردوولا، ئەو بەرگریکارە چەند رۆژی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی هەولێر دەکات.
جاموس لەدایکبووی ساڵی 2002ـیە و لە دڵی بەرگری یاری دەکات، ئەو یاریزانە تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە، بەڵام ئامادەیە لە پێناو پەیوەندی کردن بە یانەی هەولێر گرێبەستەکەی هەڵوەشێنێتەوە. ئەو یاریزانە 23 ساڵانە دووجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئوردن کراوە و ئەم وەرزە لە خولی ئوردنی، بەشداری 3 یاریکردووە و 2 گۆڵی تۆمار کردووە.





