ئەنوەر برزۆ کەسایەتیی ڕۆشنبیری سلێمانی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد

مامۆستا ئەنوەر برزۆ، کەسایەتی ڕۆشنبیری و ناسراوی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەنوەر برزۆ لە دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتیی کورد – کاژیک، بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە لە سەرەتای 1980ـدا لەلایەن ڕژێمی بەعس دەستگیر کرا و دوای دوو ساڵ بەر لێبوردنی گشتیی کەوت و ئازاد کرا.
ئەنوەر برزۆ کێیە:
ئەنوەر برزۆ حەمە ڕەزا، ناسراو بە ئەنوەر برزو، ساڵی 1939 لە گوندی باڕۆیی قەزای بازیان لە دایک بووە. لە ساڵی 1949ـەوە لە سلێمانی نیشتەجێ بووە و لە حوجرە خوێندویەتی و بووەتە مەلا.
ساڵی 1958 لەگەڵ 112 مامۆستای ئایینی بەشداریی خولێکی پەروەردەیی ئایینی یەک ساڵەی کردووە و لە 19-11-1960 وەک پسپۆری زمانی عەرەبی مامۆستای سەرەتایی لە گوندی خەمزەی شارباژێڕ دامەزراوە.
پاشان گوازراوەتەوە بۆ گوندی بارێی بچووک لە ناوچەی سیوەیلی شارباژێڕ، ساڵی 1961 تا 1970 پێشمەرگە بووە و یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوەو یەکێتیی کورد - کاژیک.
لە ژیانی مامۆستایەتیدا لە چەندین قوتابخانەی سلێمانیدا خزمەتی کردووە، وەک لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە قوتابخانەی بەرانان بووە.
-ساڵی 1973 لە قوتابخانەی گۆران بووە و وانەی کۆمەڵایەتی گوتوەتەوە.
-ساڵی 1976 لە قوتابخانەی پیرەمێرد بووە.
-ساڵی 1977 لە قوتابخانەی دەرگەزێن بووە.
لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتیدا کاری تریشی کردووە و ماوەیەک لە هێڵی پاسەکانی سەرچنار پاسی پێبووە و پاشان کتێبفرۆشیی کردووە و دوکانی کتێبفرۆشی هەبووە.
سەرەتا لە سابونکەران کتێبخانەی هەبووە و دواتر هاتووەتە شەقامی مەولەوی نزیک بەر دەرکی سەرا.
لە ساڵی 1980 لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر دەکرێت لەسەر فرۆشتنی کتێبی قاچاخ و کاری ڕێکخستن و لە زیندانی ئەبوغرێب لە بەغدا حوکم دراوە. دواتر لە ساڵی 1982 بەر لێبوردنی گشتی کەوتووە و ئازاد کراوە.
دوای ئازادبوونی، ماوەیەک بووەتە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی.
دوای خانەنشینبوونی لە شەقامی پیرەمێرد کتێبفرۆشییەکی داناوە و دواتر شوێنەکەی گواستووەتەوە بۆ نزیک باخی گشتی، تا لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا بەهۆی بەساڵاچوونی و بێهێزییەوە وازی لە کتێبفرۆشتن هێنا و ڕێکەوتی 17-8 – 2025، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.