ناوی کۆمپانیا ڕێگە پێدراوەکانی حه‌ج و عومره بڵاوکرایەوە
کاروان ستوونی: عومرەکارە گیرخواردووەکانی سعوودیە دەتوانن سكاڵا لە دژی کۆمپانیاکان تۆمار بکەن

بەڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حەج و عومڕە لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی ناوی کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکانی گەشتی حەج و عومڕەی لە هەر چوار پارێزگا و هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکانی بڵاوکردووەتەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، ئەوعومرەکارانەی بە گەشتی ئاسمانی چوون و ئێستا لە سعوودیە گیریانخواردووە، لە هەبوونی هەر کەموکوڕییەک دەتوانن سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکان تۆمار بکەن، هاوکات بڕیاردراوە هیچ گەشتێکی دیکەی ئاسمانی بۆ سعوودیە نەکرێت تا ئەو کاتەی سەرجەم عومرەکارانی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە.
بەڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حەج و عومڕە لە ئاگادارییەکەدا ناوی 183 کۆمپانیای بڵاوکردووەتەوە، 67یان دەکەوێتە سنووری شاری هەولێر، 38 کۆمپانیا لە سلێمانی، 35 لە دهۆک و چوار کۆمپانیاش دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها 15 کۆمپانیا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، 11 کۆمپانیا لە سنووری زاخۆ، حەوت کۆمپانیا لە ئیدارەی ڕاپەڕین و پێنج کۆمپانیاش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
هەر لە ئاگەدارییەکە هاتووە؛ هاووڵاتیانیی كوردستان ته‌نیا ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیانه گه‌شتی عومره بكه‌ن، كه به فه‌رمی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حه‌ج و عومره كردووه و به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانێك گه‌شت نه‌كه‌ن، كه كۆمپانیایان نییه یاخود به‌ناوی كه‌سی له سوشیەڵ میدیا ڕێكلام ده‌كه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حه‌ج و عومره هەر ئەمڕۆ سێشه‌ممه 19ـی ئابی 2025 ڕاگەیەندراوێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، وه‌ك هه‌ڵویستێك به‌رانبه‌ر دواكه‌وتنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه به فڕۆكه گه‌شتی عومڕه‌یان كردووه له سعوودیه گیریان خواردووه به‌هۆی نه‌بوونی فڕۆكه ناچاربوونه به پاس بگه‌رێنه‌وه یاخود له‌وێ بمێننه‌وه ڕێگه به هیچ گه‌شتێكی ئاسمانی بۆ عومره له كوردستانەوە بۆ سعوودیه نادەن، تاوه‌كوو هه‌موو ئه‌و عومڕه‌كارانه‌ی له‌وێن له نزیكترین كاتدا ده‌گەڕێندرێنه‌وه و دڵنیایی ته‌واو نه‌درێت كه ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ده‌بردرێن بۆ عومره له واده‌ی دیاری كراویدا ده‌گه‌رێندرینه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
هەروەها ئاماژەیداوە، هۆشداری به بریكاره‌كانی هێڵی فڕۆكه‌وانی عێراقی ده‌ده‌ین كه پێویسته هه‌وڵ بده‌ن به زووترین كات عومره‌كارانی كوردستان له سعوودیه بگه‌ڕێندرێنه‌وه به پێچه‌وانه ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنه‌وه.
ئەمەش لە کاتێکدایە 14 هەزار عومرەکاری عێراق و دوو هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستان بەهۆی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن و ڕاوەستانی گەشتە ئاسمانیییەکانی عێراق لە سعوودیە گیریانخواردووە و تەنیا دەتوانن لە ڕێگەی وشکانی بگەڕێنەوە.
بۆ چارەکردنی کێشەی ئەو عومرەکارانە، کاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی؛ هەرعومرەکارێک شوێنی مانەوە و پێداویستییەکانی بۆ دابین نەکرا دەتوانێت سكاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار بکات ، کە بۆ عومرەی بردووە.
گوتیشی: لەسەر کۆمپانیاکان پێویستە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بۆ عومرەکاران دابین بکەن، ئەگەر نەیانکرد، ئەوە عومرەکارەکان مافی یاسایی خۆیانە سکاڵا تۆمار بکەن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە ئاماژەیدا، کاتێک مۆڵەت بە هەر کۆمپانیایەک دەدرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بۆ حەج وعومرە بەرێت، دەبێت بڕی پێنج هەزار دۆلار لە بانک دابنێت، ئەگەر قەرەبووی هاووڵاتییانی زیانمەندبوون نەکاتەوە، ئەوکات لەو بڕە پارەیە دەبڕین و ماف بۆ عومرەکارەکان دەگەڕێنینەوە، هەربۆیە عومرەکاران هەر کێشەیەکیان بینی، دەبێت لای ئێمە سکاڵا تۆمار بکەن تاوەکو مافیان بۆ بگەرێندرێتەوە.







