دهۆك 3 یاریزانی پیشەگەر دەگوازێتەوە

پیتەر گۆركیس دەگەڕێتەوە مەشقەكانی یانەی دهۆك

پیتەر گۆركیس، سێرجیۆ فاریاس، یانیك زاكری و ئەحمەد وەجی
پیتەر گۆركیس، سێرجیۆ فاریاس، یانیك زاكری و ئەحمەد وەجی

یانەی دهۆك هەفتەی داهاتوو پێكهاتەكەی بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق تەواو دەكات و 3 یاریزانی پیشەگەریش لەژێر چاودێری و هەڵسەنگاندنی راهێنەرە بەرازیلییەكەی دهۆكە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یانەی دهۆك بڕیاری داوە 3 یاریزانی دیكەی پیشەگەر بگوازێتەوە، هەر سێ یاریزانەكەش لە هێڵی هێرشبەر و ناوەراست دەبێت.
یانەی دهۆك بە راهێنەرایەتی سێرجیۆ فاریاسی بەرازیلی بۆ ئەم وەرزە 12 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و پێشبینی دەكرێت 3 یاریزانی دیكەی پیشەگەریش بگوازێتەوە و كۆتایی بە مێركاتۆی ئەم هاوینە بێنێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پیتەر گۆرگیس و یانیك زاكری كۆتایی بە پشووەكانیان بهێنن و پەیوەندی بە كەمپی مەشق و راهێنانەكانی دهۆك بكەن.
ئەحمەد وەجی، یاریزانی باڵی چەپی یەمەنیش هەفتەی داهاتوو بۆ یەكەمجار راهێنانەكانی لەگەڵ هەڵۆیەكانی دەست پێدەكات.
یانەی دهۆك لەم هاوینە، دەستبەرداری 13 یاریزانی وەرزی رابردووە، تا ئەم كاتانەش 12 یاریزانی گواستووەتەوە و 12 یاریزانی وەرزی رابردووشی لە یانەكە هێشتووەتەوە.