هەولێر و لاس هەمەوەند نزیکن لە یەکتری

لاس هەمەوەند یاریزانی لاوی کوردی یانەی زاخۆ، نزیکە لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەیە و پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانەی هەولێر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، کارگێڕی یانەی هەولێر هەوڵەکان و گفتوگۆکانی بۆ گواستنەوەی، لاس هەمەوەند یاریزانە لاوەکەی یانەی زاخۆ دەستپێکردووە و هەردوولا نزیکن لە رێکەوتن و چاوەڕێ دەکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو یاریزانە پەیوەندی بە یانەکەی قەڵا و منارەوە بکات.
ناوەڕاستکارە کوردەکە لەدایکبووی 26ـی تەمموزی 2004ـە و پێشتر لە ریزەکانی یانەی لاوانی ماڵمۆی سوید و تۆرنسی ئەم وڵاتە یاریکردووە و وەرزی رابردوو پەیوەندی بە یانەی زاخۆ کرد، بەڵام لەگەڵ ئەو یانەیە تەنها بەشداری پێنج یاری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کرد.
یانەی هەولێر ئەم هاوینە تاوەکو ئەم ساتە 11 یاریزانی گواستووەتەوە ریزەکانی، لە بەرامبەردا 16 یاریزانی ریزەکانی ئەو یانەیان جێهێشتووە و هەروەها 6 یاریزانی یانەکە گرێبەستەکانیان نوێکردووەتەوە.
