بەهای دۆلار بەرز بووەوە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت؛ دوو ڕۆژە بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار دابەزیوە، ئێستا 100 دۆلار بە141 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی لە عێراق، ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار دادەبەزێت.

هاوکات پێشبینیشی کرد، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەهای هەر 100 دۆلاری ئەمەریکی بگاتە 155 هەزار دیناری عێراقی.

گوتیشی: پێشوتر بانکی ناوەندی عێراق پسوولەی خەرجکردنی پارەی دوا نەدەخست، ئێستا جگە لەو ئاڵۆزییەی لە بەغدا هەیە، بانکی ناوەندیی عێراق خەرجکردنی پسوولەش دوا دەخات، بۆیە بەهای دراوەکان، بە تایبەت دراوی قورس و لەنێویاندا دۆلاری ئەمەریکیی ناجێگیرە.

لەبارەی هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار و هاوتاکردنی 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر 132 هەزار دیناری عێراق، حاجی سابیر گوتی: باوەڕناکەم ئەم پلانەی بانکیی ناوەندی عێراق سەر بگرێت، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ بۆ هاوسەنگ کردنی تەرازووی دەوڵەت، پێشبینی دەکەم تاوەکو کۆتایی ساڵ بانکی ناوەندی عێراق بەهای 100 دۆلار لەبانکەکان بکاتە 136 هەزار دینار، واتە ڕاستەوخۆ بە بڕی چوار هەزار دینار لە بەهای دۆلار بەرز بکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment