مەریوان حاکم هادی: له سنووری 18 شارهوانیی ههولێر زهوی دابهش كراوه

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ڕایگەیاند: نزيكهى 140 ههزار دۆنم زهوى ڕووپێوی بۆ كراوه، هەروەها له سنووری 18 شارهوانیی ههولێر زهوی دابهش كراوه.
چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر، لە میانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە کردەیی دەستی پێکردووە و لە سنووری 18 شارەوانی زەوی دابەش کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ڕایگەیاند: تا ئێستا نزیکەی 140 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری 37 شارەوانی ڕووپێوی بۆ کراوە.
سەبارەت بەو شارەوانییانەی کە زەوی پێویستیان نییە یان کێشەی موڵکدارییان هەیە، مەریوان حاکم هادی ئاماژەی بەوەدا، فەرمانبەرانی سنوورەکە، لە سنووری شارەوانییەکی نزیکی خۆیان زەوییان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن سوودی لێوەربگرن بۆ نیشتەجێبوون.
ناوبراو پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە پرۆسەیەکی "ئاڵۆز" پێناسە کرد و گوتی، "پێش ئەنجامدانی تیروپشک وردبینی سەرەتایی بۆ ناوی فەرمانبەران دەکرێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی ناوی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی، نۆ نووسراوی وردبینی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە پێشتر سوودمەند نەبووە."
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەولێر داوای لە فەرمانبەران کرد، کە پەلە نەکەن لە فرۆشتنی زەوییەکانیان و دڵنیایی دا کە حکوومەت پلانی هەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە زووترین کات، کە ئەمەش بەهای زەوییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.