نرخی هۆتێلەکانی دیمەشق گەشتیارانی تووشی شۆک کردووە؛ "شەوێک بە 400 دۆلارە"

نرخی مانەوە لە هۆتێلەکانی دیمەشق بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبوونەتەوە و گەشتیارانی تووشی شۆک کردووە. 

گەشتیاران و ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە بۆ دیمەشقی پایتەخت، تووشی سەرسوڕمان و نیگەرانی بوون بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی مانەوە لە هۆتێلەکاندا. نرخی مانەوەی یەک شەوە لە هەندێک هۆتێلدا سنووری 400 دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاستی خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ ئەو نرخە گرانانەدا ناگونجێت، ئەمەش گلەیی زۆری لێ کەوتووەتەوە.

هاووڵاتییان و گەشتیاران باس لەوە دەکەن، نرخەکان لەگەڵ دۆخی ئابووری و ئاستی خزمەتگوزارییەکاندا ناگونجێن. محەممەد عەلی، یەکێک لەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە، دەڵێت: "دوای ئازادکردنی سووریا گەڕامەوە، بەڵام بەڕاستی نرخی هۆتێلەکان، بەتایبەتی پێنج ئەستێرەییەکان، زۆر گرانە. ژوورێکی بچووک نرخەکەی لە 200 بۆ 250 دۆلارەوە دەست پێدەکات و هەندێک جار دەگاتە 500 دۆلار، ئەمەش بووەتە شتێکی ئاسایی."

ناوبراو داوا لە وەزارەتی گەشتوگوزار دەکات کە چاودێریی وردی بازاڕ بکات و ڕەوشی ئەو کەسانە لەبەرچاو بگرێت کە سەردانی سووریا دەکەن، بۆ ئەوەی نرخەکان کەمێک دابەزن.

لەلایەکی دیکەوە، خاوەن هۆتێلەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم بەرزبوونەوەی نرخە بێ هۆکار نییە و پەیوەندی بەو ئاستەنگییە زۆرانەوە هەیە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. کێشە سەرەکییەکان بریتین لە کەمیی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا و ئاو، هەروەها ئەو باجە زۆرانەی کە حکوومەت سەپاندوویەتی.

بیلال حەمود، بەڕێوەبەری یەکێک لە هۆتێلەکان، ڕایگەیاند: "بەڕاستی ئاستەنگی زۆرمان لەبەردەمدایە. خەرجییەکانی کارپێکردن زۆر بەرزن، بۆ نموونە ناچارین گازوایل بۆ کارەبا و ئاو بۆ بەکارهێنان بکڕین، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا کە دوو بۆ سێ ڕۆژ جارێک ئاومان دەکڕی. ئەم خەرجییە زیادانە ناچارمان دەکەن نرخەکان بەرز بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین."

ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەرەڕای ئەم گلەیی و گازندانە، هۆتێلەکانی دیمەشق و شارە گەشتیارییەکانی دیکە قەرەباڵغییەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و ڕێژەی گرتنی ژوورەکان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. هەندێک هۆتێل بۆ ماوەیەکی زۆر بە تەواوی پڕ بوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment