جووتیارانی ڕاپەڕین شێوازێکی نوێی ئاودان بۆ کشتوکاڵ بەکاردێنن

سۆندە بارانە
سۆندە بارانە

کانی قوڵکە، لە گەورەترین کانییەکانی دەشتی بیتوێنە لە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ڕابردوودا هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەرئاو دەکرد، توتن و تەماتە و گولەبەڕۆژە و  باخ و جۆرەها سەوزەی بە ئاوی کانی بەرئاو دەکرد، بەڵام کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەم بارانی وای کردووە، ئێستا تەنانەت ئاژەڵەکانی ناوچەکەش ئاوی خواردنەوەیان لە کانییەکە دەست ناکەوێت.

گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی، جووتیارانی ناچار بە گرتنەبەری شێوازی نوێی ئاودان بۆ کشتوکاڵ کردووە، ئەم شێوازەش، سۆندە بارانەی پێ دەگوترێت، شێوازەکە کاری ئاودان ئاسان دەکات و کاتی زۆر بۆ جووتیار دەگێڕێتەوە، هاوکات پێویستی بە ئاوی زۆر نییە بۆ ئاودێری، ئەم شێوازی ئاودانە، شێوازێکی نوێترە لە دلۆپە و پرژاندن، سۆندەیەکی تەنک کونیلەی بچووکی تێدایە، بە ڕاست و چەپی خۆیدا ئاو بۆ دووری سێ مەتر دەپرژێنێت و کاری ئاودانی خۆی دەکات.

عەلی ئەرسەلان، جووتیاری ناوچەکەیە، بۆ کوردستان24 دەڵێت: بەرهەمی ئێمە سێ ئاودانی دەوێت، نەوەک زیاتر، بەو مەرجەی ئاو هەبێت، هەندێکمان بە ئامێری ئاو پرژێن ئاودا، بەڵام تێری نەدەکرد، بۆیە بەرهەمەکان گەورە و بچووک بوون، هەموو وەک یەک گەشەی نەدەکرد، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە سۆندە بارانە دابنێین.

دەڵێت: سۆندە بارانە پارەیەکی زۆری ناوێت، نزیکەی 100 مەتری سۆندەکە بە 20 هەزار دینارە، گوتی: ئەمساڵ بەو سۆندەیە کشتوکاڵمان کردووە، سوپاسی خودا دەکەین کە بەرهەمەکەمان زۆر باشبووە، سیستەمی سۆندە بارانە ئاوی کەمتری دەوێت و کەمتریش ئاو بەکاردێت، ئاو بەفیڕۆ ناچێت.

ئاودان، بەشێوازی پرژاندن یاخود دلۆپە چەند شێوازێکی ئاودانن کە ساڵانی ڕابردوو جووتیاران پەنایان بۆ بردووە، حکوومەتی هەرێمیش بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانی کەش و هەوا و کەبوونەوەی ئاوی سەرچاوەکان، هاوکاریی جووتیارانی کردووە، بۆ ئاودانی زەوی زۆری کشتوکاڵیی، جووتیار دەتوانێت ئەم سیستەمە نوێیەی ئاودان بەکاربێنێت.

کاوە قادر، جووتیاری ناوچەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سیستەمەکە 30 بۆ 40 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە ئاسانی ئاو دەدات، تەنها کەسێک کۆنتڕۆڵی ئاودانەکە دەکات کە پێشتر بە دوو بۆ سێ کەس دەکرا، ئێستا جووتیار هەر شوێنێکی بوێ، ئاوەکە دەکاتەوە و کاتی بۆ دیاریی دەکات، کاتێک بزانێت ئەو پارچە زەوییە تێر ئاو دەبێت، دەیگوازێتەوە ناوچەیەکی دیکەی کشتوکاڵی، گوتی: ئاودان بە هێل، زۆر زەحمەتە و بە تەنها کەسێک ناکرێت.

ئەگەر لە ڕابردوودا، جووتیارێک بۆ ئاودانی دۆنمێک زەوی 100 مەتر سێجا ئاوی بەکارهێنابێت، ئێستا بەشێوازی نوێی ئاودان هەمان کاردەکات بە یەک لەسەر پێنجی کەمتری ئاو ئاوە.

جگەلە کشتوکاڵ، ساڵانێکە باخەوانەکانیش بۆ ئاودێری و ئاودانی باخەکانیان، ئاودانی دلۆپە بەکاردێنن، سۆندە لەژێر دارنەمامەکانەوە ڕادەکێشن و بە ئاودانێکی هێواش و دروست، باخەکانیان ئاو دەدەن، بەم شێوازە نوێیە بڕێکی کەمتر ئاویان بۆ ئاودان پێویستە، بەو شێوەش خۆیان لە گرفتی کەمئاوی ڕزگار دەکەن.

بڕیار سابیر، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە، بۆ کوردستان24 گوتی: ئێستا باشترین شێوازی ئاودان، دلۆپەیە، بەڵام لە باخێکەوە بۆ باخێکی دیکە، لە زەوییەک بۆ زەوییەکی دیکە دەگۆڕێت، بە نموونەش، ئەگەر باخەکە تەمەنێکی بچووکی هەبێت، پێویست ناکات یەک مەتری دورووبەری دارەکە تەڕ بێت، دەتوانرێت ڕۆژانە نیو کاتژمێر ئاوی لەسەر بێت، یاخود چەند ڕۆژ جارێک نیو کاتژمێر ئاوی لەسەر بێت، ئەو بڕە ئاوەش زۆرە و پێویستی بە زیاتر نییە، بەڵام بۆ دارێک کە تەمەنی نزیکەی 9 ساڵ بێت، پێویستمان بەوە هەیە گۆلی ئاوی بۆ گەورەتر بکەین و دەورووبەری دارەکە بە تەواوی تەڕ بکەین، چونکە لقەکانی لەسەرەوە چەند درێژ بن، لەژێر زەویش ڕەگەکان هێندە درێژن، بۆیە بەو سیستەمە ئاو دەبەینە ژێرەوە بۆ ڕەگەکان، لەبەر ئەوەیە دارەکان زیاتر گەشە دەکەن.

لەماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، 9 بەنداوی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە کە بەهاکەیان 265 ملیار و 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کردووە.

هاوکات 126 پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران لە جێبەجێکردندان، تا ئێستا 23 پۆند لەو ژمارەیە دروستکراون و ئاویان تێدا گلدراوەتەوە، ئەوانی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامن.