کۆمپانیای 'هانت ئۆیل' لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئابی 2025، کۆمپانیای "هانت ئۆیل"ـی ئەمەریکی, دوای نزیکەی مانگێک لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
گوتەبێژی کۆمپانیاکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.
دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیای هانت ئۆیل، دوای ڕاگەیاندنی هاوشێوەی کۆمپانیای DNO ـی نەرویجی دێت کە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
بەرپرسانی وزە مانگی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەی نزیکەی 140 هەزار بۆ 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە ماوەی مانگی تەمموزدا، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان کرایە سەر، بە گوتەی لایەنە ئەمنییەکان. هێرشەکان زیانی ماددی بە کێڵگەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت گەیاند، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کەم بووەوە لە هەندێک کێڵگە کارەکانی بەتەواوی ڕاگیرا.