فەلاح حەسەن: بە سێ کاتژمێر زیاتر لە سێ هەزار گەشتیار و هاووڵاتی هاتنە سەر قەڵات
سەرۆکی بە وەکالەتی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەماوەی سێ کاتژمێردا، سێ هەزار هاووڵاتی بۆ بینینی گۆڕانکارییەکانی ناوی، هاتنە سەر قەڵای مێژوویی هەولێر، ئەوەش واتای ئەوەیە، خواستێکی زۆری هاووڵاتییان هەیە دەرگای قەڵا بە هەمیشەیی بکرێتەوە.
شەممە 23ـی ئاداری 2025، فەلاح حەسەن، سەرۆکی بە وەکالەتی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی پێشوەختە هیچ ئاگەدارکردنەوەیەکمان بڵاونەکردەوە، پاش ئەوەی کاری نۆژەنکردنەوەی زۆرمان بۆ کردووە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دەرگای قەڵاتی مێژوویی هەولێرمان بەڕووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر کردەوە، ئەوکات بۆمان دەرکەوت، زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتیی و گەشتیار هاتوونەتە سەر قەڵات، بە هەموو ئەو کاری نۆژەنکردنەوەیەش دڵخۆشبوون کە تێیدا کراون.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ هاتنی گەشتیاران و هاووڵاتییان، ڕاپرسییەکیان کردووە، بەپێی ڕاپرسییەکە، زۆرینە پێیان باشە شەوانە دەرگای قەڵات بکرێتەوە، هاوکات نوێژی هەینی لە مزگەوتەکەدا بکرێت.
لەبارەی پێویستییەکانی سەر قەڵاتیش بەر لە کردنەوەی دەرگاکەی، فەلاح حەسەن ڕایگەیاند: بەپێی ئەو ئەزموونەی کردوویان لە کردنەوەی دەرگای قەڵات، پێویستە پاک و خاوێنی نێو قەڵات پارێزگاری زیاتری لێبکرێت بە دانانی زبڵدانی زیاتر، لەگەڵ دانانی تابلۆی ئاگاداری و تێبینی بۆ گەشتیاران و سەردانیکاران بەهەموو ئەو زمانانەی کە پێویستن هەبن، سەرباری ئەوەش، لەبەر ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی سەردانیکاران زۆر بەرز بێت، بۆیە پێویست دەکات چاودێری زیاتر دابندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووناکیی لە تەواوی شەقام و کۆڵانەکانی نێو قەڵات زیاد بکرێت.
لەبارەی شوێنی تایبەت بە منداڵان، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، شوێنی یاری منداڵان بەپەلە ئامادە دەکرێت کە پێی دەگوترێت (پلازای منداڵان) تاکوو بتوانرێت منداڵەکان کاتێکی خۆش لەسەر قەڵات بەسەر ببەن.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر دەڵێت: پێویستە چەند جارێکی دیکە، لە ڕۆژانی جگەلە هەینی، دەرگای قەڵات لەکاتی جیاواز بەڕووی هاووڵاتییان بکەینەوە، دەشڵێت: لە یەکەم هەنگاودا کە دەرگامان کردەوە، هاووڵاتییان پاکو خاوێنیان بە ئاستێکی زۆر پاراست کە ئەمە جێی دڵخۆشییە.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی مۆزەخانەیەکی تایبەتی بە کەل و پەلی دۆزراوەی قەڵات کرد، لەگەڵ ڕێگەگرتن لە هاتنی ئۆتۆمبێل بۆ سەر قەڵات، جگەلە ئۆتۆمبێلی ڕێگەپێدراو.