چیڕۆکی ئەو ئافرەتە کۆڵنەدەرە کوردەی 'عەجاج'ـی بە گرتن دا

دوای 37 ساڵ، ئافرەتێکی رزگاربووی ئەنفال، تاوانبارێکی نوگرە سەلمانی دۆزییەوە و ڕادەستی یاسای کرد.

خاتوو فازیلە حەمەخولە، ئافرەتێکی کوردی ڕزگاربووی شاڵاوی ئەنفال، دوای تێپەڕبوونی 37 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا، توانی (عەجاج ئەحمەد حەردان) ناسراو بە 'عەجاجى نوگرەسەلمان'، یەکێک لەو تاوانبارانەی کە لە زیندانی نوگرە سەلمان ئازار و ئەشکەنجەی خۆی و خانەوادەکەی و هەزاران هاووڵاتیی دیکەی کوردی داوە، بدۆزێتەوە و ڕادەستی یاسای بکات.

یادەوەرییە خوێناوییەکانی نوگرە سەلمان

خاتوو فازیلە، کە 8 مانگ و 17 ڕۆژی تەمەنی لەناو زیندانی ترسناکی نوگرە سەلمان بەسەربردووە، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باس لەو دیمەنە سامناکانە دەکات کە لە مێشکیدا هەڵکۆڵراون. ئەو بە چاوی خۆی شایەتحاڵی دڕندەیی "عەجاج"، یەکێک لە ئەمنەکانی زیندانەکە بووە.

ئەو گوتی "برا شەش ساڵانەکەم لەبەر چاوم لە برسا و لە لێدان و نەخۆشیدا گیانی سپارد. کاتێک بردیان بینێژن، هیچ شتێک نەبوو بیکەن بە کفنی، بۆیە بە جامانەکەی باوکم دایانپۆشی. بەیانییەکەی، کاتێک بۆ پاککردنەوە دەرکرابووین، بە چاوی خۆم بینیم سەگ جەستەی براکەمی دەخوارد."

تراژیدیاکانی ئەم ژنە بەمە کۆتایی نایەت. ئەو بە وردی باس لە ساتەوەختی کوشتنی خوشکە تەمەن شەش مانگانەکەی دەکات و دەڵێت: "عەجاج بە سۆندەیەک لە خوشکەکەی دام کە لە باوەشی دایکمدا بوو، هەر لەوێدا گیانی دەرچوو. ڕۆژ نەبوو یەکێک لە ئێمە بە دەستی عەجاجەوە ئەشکەنجە نەدرێت."

 

گەشتێکی دوور و درێژ بۆ دادپەروەری

سەڕەڕای ئەو هەموو ئازار و نەهامەتییە، خاتوو فازیلە هەرگیز هیوا لەدەست نادات. ئەو بڕیار دەدات تۆڵەی قوربانییەکان بە ڕێگەی یاسا بکاتەوە. بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەدوای سەرەداوێکدا دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی ئەو تاوانبارانە. لە ساڵی 2016دا، لە ڕێگەی کەسێکەوە پێی ڕادەگەیەنرێت کە "عەجاج" لە ژیاندا ماوە.

لێرەوە گەشتە نهێنی و پڕ لە مەترسییەکەی خاتوو فازیلە و هاوسەرەکەی دەست پێدەکات. ئەوان چەندین جار بە نهێنی سەردانی ناوچەی "ڕومەیسە" دەکەن و چاودێری ماڵی تاوانبارەکە دەکەن. دوای دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی، سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمار دەکەن.

 

ڕووبەڕووبوونەوە و دانپێدانان

دوای دەستگیرکردنی، خاتوو فازیلە بۆ ماوەی 4 خولەک ڕووبەڕووی جەللادەکەی دەبێتەوە. ئەو دەڵێت: "پێم گوت من فازیلەم، کچی ئەبو مستەفا. یەکسەر ناسیمییەوە. دانی بە هەموو تاوانەکانیدا نا؛ لە کوشتنی خوشکەکەمەوە تا ئەشکەنجەدانی خۆم و باوکم و کەسوکارەکەم."

ئەرکەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە

دۆزینەوەی عەجاج کۆتایی چیرۆکەکە نییە. خاتوو فازیلە ئاشکرای کرد کە ئێستا بەدوای دۆزینەوەی تاوانبارێکی دیکەوەیە کە لەناو زیندانی نوگرە سەلمان کچێکی کوردی ڕفاندووە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە. ئەو هیواخوازە بە دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارە نوێیە، زانیاری زیاتر لەسەر چارەنووسی ئەو کچە و تاوانەکانی دیکەی ئەنفال ئاشکرا ببن.

چیرۆکی خاتوو فازیلە، چیرۆکی ئیرادەی ژنێکی کوردە کە دوای 37 ساڵ، نەک هەر یادی قوربانییەکانی زیندوو ڕاگرتووە، بەڵکو بە کردەوەش هەنگاو بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری دەنێت و بووەتە نموونەیەکی بەرزی ئازایەتی و کۆڵنەدان.

دەستگیرکردنی عەجاج

31ـی تەمموزی ئەمساڵ، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی ڕاگەیەندرا کە یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی تاوانی ئەنفال و لە نوگرەسەلمان لای کوردەکان بە "حەجاجی جەللاد" ناسراو بووە.
 
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە هەشت قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد.