بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی قوتابخانەی حکوومی بووەتەوە
بەغدای پایتەختی عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی کەمیی باڵەخانەی قوتابخانە بووەتەوە، بە جۆرێک دوو ملیۆن و 800 هەزار قوتابی بەسەر تەنیا حەوت هەزار و 200 قوتابخانەدا دابەشکراون، ئەمەش وایکردووە بەشێکی بەرچاوی قوتابخانەکان بە سیستەمی سێ دەوامی و چوار دەوامی کار بکەن.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی مەیدانیی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، قەرەباڵخیی نێو پۆلەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە لە زۆربەی پۆلەکاندا زیاتر لە 60 قوتابی لە یەک ژووردا دەخوێنن. سەرەڕای ئەو جەنجاڵییە زۆرە، قوتابخانەکان لە نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکان دەناڵێنن، لەوانە کەمیی کورسی، نەبوونی مامۆستای وانە گرنگەکانی وەک بیرکاری، و نەبوونی ئاوی خواردنەوە و تەوالێت، بە جۆرێک بەشێک لە منداڵان ناچار دەبن بۆ سەرئاوکردن لە دەوام بچنەوە بۆ ماڵەکانیان.
لە لایەکی دیکەوە، دووریی قوتابخانەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان مەترسیی گەورەی بۆ سەر ژیانی قوتابیان دروستکردووە. منداڵان رۆژانە بە ناچاری بە پیادە مەودایەکی دوور دەبڕن و لەسەر رێگە خێراکان و بەسەر پردەپەڕینەوە تێکچووەکاندا هاتوچۆ دەکەن و مەترسیی رووداوی هاتوچۆیان لەسەرە، هاوکات تێچووی کرێی پاسی هاتوچۆی مانگانە کە لە نێوان 30 بۆ 60 هەزار دیناردایە، لە توانای زۆرینەی خێزانە هەژارەکاندا نییە.
لە رووی مێژوویی پڕۆژەکانیشەوە، لە ساڵی 2011 وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری رووخاندنی هەزار و 500 قوتابخانەی کۆنی لە بەغدا دا بە مەبەستی سەرلەنوێ دروستکردنەوەیان، بەڵام تا ئێستا بەڵێندەران نزیکەی 90%ـی پڕۆژەکانیان راگرتووە بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە دارایییەکانیان لە لایەن حکوومەتەوە. ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کەرخ و رەسافە ئاشکرای دەکەن،، تەنیا بەغدا پێویستی بە دوو هەزار باڵەخانەی نوێی قوتابخانە هەیە بۆ ئەوەی لەم دۆخە رزگاری بێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، سەرتاسەری وڵاتەکە پێویستی بە 10 هەزار باڵەخانەی نوێی قوتابخانە هەیە، بەڵام قەیرانی دارایی و ئاستەنگەکان رێگر بوون لە جێبەجێکردنی پلانەکان.
شارەزایانی کەرتی پەروەردە لە بەغدا هۆشداری دەدەن لەوەی پارە و بوجە هەیە، بەڵام بوونی گەندەڵییەکی گەورە لە ناو کەرتی پەروەردەدا وایکردووە دۆخی خوێندن پاشەکشەی بەرچاو بکات. ئەوان دووپاتیدەکەنەوە، ئەگەر حکوومەت بە زووترین کات دەستوەردان نەکات، پرۆسەی پەروەردە لە عێراق بە تەواوی رووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە و باجەکەی نەوەکانی داهاتوو دەیدەن.