کارکردن لە ڕێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل لە قۆناغی کۆتاییدایە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: کارکردن لە ڕێگای کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل  و تونێلەکانی میراوە - ماوەران لە قۆناغی کۆتاییدایە.

شەممە 23ـی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی دوو سایدی ڕێگای ( کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل ) و تەواوکردنى هەردوو تونێلى ( میراوە - ماوەران )، کە بەشێکی گرنگی رێگای هاملتۆنە و رێگایەکی بازرگانی و گەشتیارییە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ،لەقۆناغی کۆتاییدایە و بەو نزیکانە دەست بە قیڕتاوکردن دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، پڕۆژەکە، کە بە  90 ملیار دینار  دەست بەجێبەجێکردنى کراوە، پێکهاتووە لە دروستکردنى ڕێگا بە درێژی ( 10 ) کیلۆمەتر، کە تێیدا جگە لە تەواوکردنی هەردوو تونێڵی (ماوەران و میراوە)، دوو یەکتربڕیش بە شێوەی ئۆڤەر پاس و ئەندەر پاس لە خۆ دەگرێت.