مەزڵووم عەبدی رەخنە لە ئەمەریکا و رووسیا دەگرێت

"دانوستانی کوردی - کوردی کاریگەری باشی دەبێت"

K24 - ھەولێر

فەرماندەی گشتی هەسەدە رەخنە لە ئەمەریکا و رووسیا دەگرێت و رایدەگەیەنێت، ئەو دوو وڵاتە پابەندی رێککەوتنەکانی سۆچی و ئیستانبوڵ نەبوونە.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمەریکا و رووسیا لەبارەی کردەوەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێت و دەڵێ "ئەو دوو وڵاتە پابەندی رێککەوتنەکانی سۆچی و ئیستانبوڵ نەبوون"، داواشی کرد هەڵوێستەکانی ئەو دوو وڵاتە لە قسەکردنەوە ببنە کردار.

مەزڵووم عەبدی، گوتیشی "بەهۆی نەبوونی هەڵوێستی جددی ئەمەریکا و رووسیا، تورکیا لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە هاووڵاتیان لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە".

لەبارەی دانووستانی لایەنە کوردییەکانیش، مەزڵوم عەبدی گوتی "دانوستانی کوردی - کوردی لە رۆژئاوای کوردستان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و کاریگەری باشی دەبێت".