پرۆژەی ڕووناکی خزمەتگوزاری کۆدی #1992* ڕاگەیاند

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر گوتی: هەرکەسێک فۆرمی پرۆژەی ڕووناکی پڕکردبێتەوە دەتوانێت کۆدی #1992* بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بزانێت ڕۆژانە چەند کارەبای بەکارهێناوە.

ڕۆژی شەممە، 23ی ئابی 2025، کەمال عەساف، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەی ڕووناکی، هەر کەسێک پێشتر فۆرمی پرۆژەی ڕووناکی پڕکردبێتەوە، هەر 15 ڕۆژ جارێک بەشێوەی ئۆتۆماتیکی لەلایەن پرۆژەی ڕووناکی بە کورتە نامەیەک پسوولەی بەکارهێنانی ڕێژەی کارەباکەی بۆ دەنێردرێت.

گوتیشی: بۆ هاوکاریکردنی بەشداربووانی پرۆژەی ڕووناکی لەکاتی بوونی هەر گرفتێک یان بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ڕۆژانە بزانن چەند کارەبایان سەرفکردووە، ئەوا ئەو کەسەی فۆڕمی پڕۆژەی ڕووناکی پڕکردووەتەوە دەتوانێت کۆدی #1992 بەکاربهێنێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەکە، پرۆژەی ڕووناکی، کارەبای زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتیی کردووەتە 24 کاتژمێری؛ ئەمەش نزیکەی %40ی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026یش بگاتە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

پرۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان هەبووە، ئەمەش بەهۆی کوژاندنەوەی مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان و کەمکردنەوە دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی گەڕەکی شادی لە هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانج لە پرۆژەکە، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان.

پێشتر وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی دابین کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 40%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.