بەرپرسی خوێندنی کوردی لە کەرکووک: تەنیا 50 فەرمانبەر و مامۆستا فۆرمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە

بەرپرسی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی دا، لە کۆی هەشت هەزار و 500 فەرمانبەر و مامۆستا لە شاری کەرکووک، تەنیا 50 کەسیان فۆرمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە، داواشیان لێ دەکات پەلە لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە بکەن، ئەگەر نە مووچەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

شەممە، 23ی ئابی 2025، کامەران عەلی، بەرپرسی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: لە کەرکووک هەشت هەزار و 450 مامۆستا و فەرمانبەرمان فۆرمی هەژماری منیان پڕ کردووەتەوە، کە زیاتر لە چوار هەزاریان کارتی بانکیان بۆ گەڕاوەتەوە و لەڕێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن.

گوتیشی: تەنیا 50 فەرمانبەر فۆرمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە، ئەوانیش بە مەبەستی ناو تۆمارکردن لە هەژماری من دەبێت سەردانی بانکی چەمچەماڵ بکەن، چونکە ئێستا خوێندنی کوردی ناتوانێت مامەڵەکان وەربگرێت، دەبێت بچنە چەمچەماڵ.

کامەران عەلی ئاماژەشی دا، وەک دوا دەرفەت بۆ ئەو فەرمانبەرانەی فۆرمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئابی 2025، سەردانی بانکی چەمچەماڵ بکەن چونکە دواتر دەبێت لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەربگرن، ئەمەش بارگرانیان بۆ دروست دەکات، هاوکات بەرپرسی خوێندنی کوردی ئەوەشی خستەڕوو، پێداویستییەکانی ئەو مامەڵەیە بریتین لە کارتی نیشتمانی، نیشتەجێبوون و وێنەیەکی مامەڵە.

کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ سەدان کارتی هەژماری منی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشی کوردی گەڕاونەتەوە، ڕۆژانە و بەردەوام هەموو ئەوانەی فۆرمی هەژماری منیان پڕ کردووەتەوە کارتەکانیان دەگەڕێتەوە.

پێشتر پرۆژەی هەژماری من لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، لە ماوەیەکی پێوانەییدا، 800 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و ئێستا خاوەنی هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیانن.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بانکی دەکرێن و لە خزمەتگوزارییە بانکییە جۆراوجۆرەکان سوودمەند دەبن