وەزارەتی شەهیدان داوایەک لە کەسوکاری شەهیدان دەکات
بەرێوەبەری بانکی زانیاری و ئاماری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و زیندانیانی سیای دەکات، بەزووترین کات کارتی نیشتمانیان بگەیەننە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی نیشتەجێبوونی سنووری خۆیان، بۆ ئەوەی مووچەکانیان ڕانەگیرێت.
زاهیدە قادر، بەرێوەبەری بانکی زانیاری و ئاماری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرباری بڕیاری تۆمارکردنی خاوەن مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە سیستەمی بایۆمەتری، بەڵام خەڵکێک بەپێی پێویست بەدەم بڕیارەکەوە نەهاتوون بۆ تۆمارکردنی کارتەکانیان، ئاشکراشی دەکات، بۆ ڕانەگرتنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، داوا دەکات هەرچی زووە خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتی نیشتەجێبوون تۆمار بکەن.
زاهیدە قادر بۆ کوردستان24 دەڵێت: بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی بەپێی پێویست نەبووە، خەڵکێکی زۆر تا ئێستا کارتی نیشتمانیان نییە، یاخود نەیانهێناوە، گوتی: بۆ ئەوانەی کارتی نیشتمانیان نییە چارەسەرێکمان کردووە، دەتوانن بچن خۆیان تۆمار بکەن، کاتێک خۆیان تۆمار دەکەن، وێنەی تۆماریان پێدەدەن، لە وێنەی تۆماریش ژمارەی کارتی نیشتمانی دەنووسرێت، دەتوانین سوود لە وێنەی تۆماریی وەربگرین.
هاوکات داوای لە کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کرد، بەزووترین کات کارتی نیشتمانی خۆیان ببەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی سنووری نیشتەجێبوونیان، گوتی: ئامانجی ئێمە لەو پرۆسەیە ئەوەیە، پشتگیریی لەوە بکەین مووچەی هیچ کەس ڕانەگیرێت، یاخود کێشە بۆ مووچەخۆراندروست نەبێت.