راهێنەری لیڤانتی: نەمانتوانی بارسێلۆنا بکوژین
"بارسێلۆنامان بریندار کرد"

خولیان کالیێرۆ راهێنەری یانەی لیڤانتی دوای دۆڕانە کوشندەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا لە گەڕی دووەمی لالیگا، پێیوایە سەرکەوتوو بوون لە بریندارکردن و ئازاردانی بارسێلۆنا.
کالیێرۆ دەڵێت "بارسێلۆنامان بریندار کرد، بەڵام نەمانتوانی بە برینداری رایگرین تا ئەو کاتەی دەمرێت، چونکە بارسێلۆنا کوالێتییەکی بەرزی هەیە و توانی وەڵاممان بداتەوە و سەرکەوتن تۆمار بکات'.
راهێنەری لیڤانی هێما بۆ ئەوە دەکات "قبوڵکردنی دۆڕان قورسە، لە ناخەوە هەست بەمە دەکەم و ئێمە شایستە بووین بەلایەنی کەمەوە خاڵێکی ئەم یارییە وەرگرین، ئێمە نزیکتر بووین لە سەرکەوتن، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ شتێکمان بەدەست نەهێنا'.
لە درێژەی قسەکانی دەشڵێت "تۆپە جێگیرەکان بەرامبەر ئالاڤێس و بارسێلۆنا ئێمەی سزا دا، دوای ئەم هەموو ماندووبوونە هەست بە ئازار دەکەم خاڵمان لەدەست دا، چونکە یارییەکی باشمان ئەنجام دا".
لە کۆتاییدا دەڵێت "بەخێرایی ئەم لاپەڕەیە هەڵدەدەینەوە، دۆڕان بەرامبەر بارسێلۆنا شتێکی سروشتییە، ئێمە بەردەوام دەبین و هەوڵدەدەین لە یارییەکانی داهاتوو قەرەبووی دەکەینەوە".