لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام گەورەترین کەرنەڤاڵ لە سەنتەری هەولێر بەڕێوەدەچێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام(محەممەد) دروودی خودای گەورەی لەسەر بێت، گەورەترین کەرنەڤاڵی ئاینی لە سەنتەری شار ڕێکدەخەن، سەرباری ئەوەی لە زۆرینەی مزگەتەکانی هەولێر ئەو یادە دەکرێتەوە.

یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پلانێکی تۆکمە بۆ یادکردنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام(محەممەد) دروودی خوای گەورەی لەسەر بێت، لەنێوان پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر و وەزارەتی ئەوقاف داڕێژراوە، جگە لە ڕێکاریی ئەمنی، هەموو پێویستییەک بۆ یادکردنەوەکە تەرخان کراوە.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: گەورەترین کەرنەڤاڵی ئاینی لە سەنتەری شار ڕێک دەخەن، دەشڵێت: هەولێر کە شاری سوڵتان موزەفەرەدینە و بە یادکردنەوەی لەدایکبوونی فەخری کائیناتەوە ناسراوە، لە زۆرینەی مزگەوتەکانی هەولێر بۆ ماوەی مانگێک یادەکە دەکرێتەوە و شرینی دەبەخشرێتەوە، پارێزگای هەولێریش بەهاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر و وەزارەتی ئەوقاف، تەواوی مەراسیمەکان ڕێک دەخات.

ساڵانە لە هەولێر، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام(محەممەد) دروودی خوای گەورەی لەسەر بێت، دەکرێتەوە، وەک لە مێژوودا باسی لێوەکراوە، موزەفەرەدین کۆکبری کوڕی زەینەددینی عەلی لە نێو خەڵکی هەولێر ناسراوە بە سوڵتان موزەفەر (١١٥٣ تا ١٢٣٢زایینی)، حاکمی شاری هەولێر بووە لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی، سوڵتان مزەفەر یەکەم کەس بووە مەولوودنامەی خوێندووە و یادکردووەتەوە، ئەو ڕۆژە لە کاتژمێر 9ـی بەیانی تاکو شەو،مەولوودنامە خوێندراوەتەوە و وتاردراوە، ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام بەسەدان مەڕوماڵاتی دەبەخشی بە ھەژاران. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment