پێویستە کۆمپانیاکانی بەشدار لە وەرزی حەجی 2026 خۆیان لە سیستمی ئۆنلاین تۆمار بکەن

ئەمڕۆ 25ـی ئابی 2025، بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، ئاگاداری ئەو کۆمپانیا دەکاتەوە کە خوازیارن بەشداری بکەن لە وەرزی حەجی ساڵی 2026ـی زایینی، بەرامبەر بە ساڵی 1447ـی کۆچی، پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە ڕێگەی سیستمی ئۆنلاینەوە دەست پێدەکات.
ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت داواکاری پێشکەش بکەن، پێویستە لە سیستمی ئۆنلاین خۆیان تۆمار بکەن. دواتر، لیژنەیەکی تایبەتمەند هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکان دەکات. ئەو کۆمپانیایانەی کە مەرجەکانیان تێدایە و لە هەڵسەنگاندن دەردەچن، ناوەکانیان بۆ بەشداریکردن لە تیروپشک بەرز دەکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ وەک هاندان و پاداشتێک بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە لە وەرزی حەجی 2025دا، ئاستێکی بەرزیان لە خزمەتکردنی حاجیاندا پێشکەش کردووە، بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە بڕیاریداوە، بەشێک لەو کۆمپانیایانە بەبێ چوونە نێو تیروپشک، ڕاستەوخۆ سەربخرێن بۆ وەرزی حەجی 2026. ئەمەش بەپێی میکانیزمی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی وەرزی حەجی ڕابردوو دەبێت. بەم شێوەی خوارەوە دەبێت؛
پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، و دهۆک: باشترین پێنج کۆمپانیا لە هەر پارێزگایەک هەڵدەبژێردرێن.
پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان (سۆران، زاخۆ، گەرمیان، ڕاپەڕین): باشترین دوو کۆمپانیا لە هەر یەکەیەکی ئیداری هەڵدەبژێردرێن.
ئەم هەنگاوە لە پێناو ڕێزگرتنە لە ماندووبوونی ئەو کۆمپانیایانەی کە هەمیشە لە خزمەتی حاجیانی ماڵی خودادا بوونە و باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە.