لە سنووری پارێزگای دهۆک 48 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە
ئەمساڵ بەرهەمهێنانی پەتاتە لە سنووری پارێزگای دهۆک هێندە زیادی کردووە، نەوەک هەر بازاڕەکانی ناوخۆ، بەڵکو بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەشێک لە وڵاتانیش پڕ دەکاتەوە.
لە تەنیا یەک ساردخانەی سنووری پارێزگای دهۆک، 370 تۆن پەتاتە بە سیستەمی زانستی هەڵگیراون تا ئەو کاتەی دەخرێتە بازاڕەکان.
هەژار محەممەد، خاوەنی کۆگا و ساردخانەی پەتاتە بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە 15 کۆگامان هەیە، هەر کۆگایەک نزیکەی 350 تۆن بۆ 400 تۆن پەتاتەی تێدا هەڵدەگیرێت، ئاماژەی بەوە کرد، ساردخانەکە بەشێوەیەکی زانستی کار دەکات لە پلەی 10 تاکوو پلەی پلەی 2، کە بەپێی کاتەکە و ڕێژەی بەرهەم گۆڕانکارییان بەسەردادێت.
زیاتر لە 48 هەزار دۆنم زەوی لەسنووری پارێزگای دهۆک بە پەتاتە چێندراون، ئەو زەوییەش 600 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمەکەیەتی، بۆ ئەوەی بەرهەمەکە هەمیشە لەبازاڕدا بێت، لە ساردخانەکان بەشێوازێکی زانستی هەڵدەگیرێن.
زەوی و خاکی سنووری پارێزگای دهۆک، باشترین جۆری خاکە بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی پەتاتە، ئەمساڵ چەندین جۆری دیکەی پەتاتە بەرهەمهێنراون، بەپێی زانیارییەکانیش، ڕێژەی بەرهەمی پەتاتە لە پار باشتر بووە، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکرێت، بەرهەمە زیاتر و باشتر بکرێت.
موسڵح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: توانیوومانە پێداویستی ناوخۆ لە بەرهەمی پەتاتە پڕ بکەینەوە، هاوکات بەرهەمەکە ڕەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بکەین، دەشڵێت: ساڵ دوای ساڵ، بەرهەمی پەتاتە زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستمان بە کۆگای زیاترە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکان، ئاماژە بەوەشدەکات، لە سنووری پارێزگای دهۆک، 126 کۆگا و ساردخانە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پەتاتە هەن.
پار بەرهەمی پەتاتە لە سنووری پارێزگای دهۆک 500 هەزار تۆن بوو لەسەر ڕووبەری 44 هەزار دۆنم زەوی، ئەمساڵ هەزاران تۆنی دیکە زیاد بوونە، ڕووبەری چاندنیش فراوانتر بوون، بازاڕەکانی کوردستان و عێراق و هەندێ لە وڵاتانیش، لەڕووی ئەو بەرهەمانە کراوەن.