ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لە مووچەی مانگی حوزەیران دەدات
بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری کۆتایی لە ناردن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت، چونکە کاری لێژنەکان تەواو بووە، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24ـیش، هیچ وادەیەکی دیکە نادرێت بە لێژنەکان بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆکانیان بکەن، ئەمڕۆ لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانەی بە تەیف سامی دراوە ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لێژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەند بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بەڵام بۆ خەرجکردنی مووچە پێویستە سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەرببڕێت، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا دەڵێت: ئەگەر نیاز هەبووایە بۆ خەرجکردنی مووچە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەیتوانی لەڕۆژی یەکشەممەوە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەست پێبکات، لەبەر ئەوە بەبێ واژۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تەیف سامی بڕیاری خەرجکردنی مووچە نادات.
ئەمڕۆ لە بڕگەی دووەمی پاشکۆی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی هەردوو کۆنووسی لێژنەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەگەڵ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی کوردستان دەکرێت.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایدەگەیەنێت: ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بەشێکی داهاتی نانەوتییە، چونکە لەبارەی داهاتی گومرگ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئەوەی ماوەتەوە باج و ڕسوماتە، حکوومەتی عێراق داوای سەدا سەدی باجی هەرێمی کوردستان دەکات، بەو شێوەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای سەدا 50ـی داهاتی گومرگی و داهاتی سەدا سەدی گومرگی دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت سەدا سەدی داهاتی باج لە کوردستان بۆ بەغدا بنێرێت، لەبەر ئەوەی داواکەی بەغدا نایاساییە.
لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ڕێکارەکانی هەناردەکردنی نەوت تەواوکراون، لەوبارەوە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی تورکیش کراوە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ داوای کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ڕێککەوتنی سێ قۆڵی جێبەجێ ناکات، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش ئاماژە بەوە دەکات، ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت نییە، بەڵکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو ڕێککەوتنەیان هەیە، سەرباری ئەوە گرەنتی بە کۆمپانیاکانی نەوت دەدەن شایستە داراییەکانیان خەرج بکات، لەو 8 کۆمپانیایەی بەرهەمهێنانی نەوت کە لەکوردستان کاردەکەن، تا ئێستا سێ کۆمپانیایان بەو پێشنیازەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕازی نەبوونە و دەڵێن: ئێمە ڕێککەوتنی نووسراومان دەوێت، بۆ ئەوەی ئەگەر شایستە داراییەکانمان خەرج نەکرا، بتوانین وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ بدەینە دادگا.
