وەزارەتی ئەوقاف: ئەمڕۆ ئامادەکارییەکان بۆ یادی مەولوود دەستیان پێکرد

گوتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت: ئامادەکارییەکانی مەولوود دەستیانپێکردووە و هەوڵدەدەین بە باشترین شێوە یادەکە بکەینەوە.

سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئەمڕۆوە ئامادەکارییەکان بۆ یادی مەولوود دەستیان پێکردووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕازاندنەوەی شاری هەولێر وەک سیمبوڵی ئەو یادە پیرۆزە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، گوتی: لە دوای 12ڕەبیعی یەکەم لە هەموو مزگەوتەکانی هەولێر بە درێژایی مانگی مەولوود، هەر ڕۆژەی لە مزگەوتێک مەولوود دەکرێت، چەندین بڕگە و بەرنامەی تایبەتمان دەبێت.

نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەی بەوە کرد، کۆنسێرتێکی گەورەیی ئایینی ئەنجام دەدەین و پەیامەکانی مەولوود دەگەینین بە هەموو موسڵمانان، هەروەها سبەی چوارشەممە لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبینەوە بۆ دوایین ئامادەکارییەکانی ئەم بۆنەیە.

ساڵانە لە هەولێر، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام(محەممەد) دروودی خوای گەورەی لەسەر بێت، دەکرێتەوە، وەک لە مێژوودا باسی لێوەکراوە، موزەفەرەدین کۆکبری کوڕی زەینەددینی عەلی لە نێو خەڵکی هەولێر ناسراوە بە سوڵتان موزەفەر (١١٥٣ تا ١٢٣٢زایینی)، حاکمی شاری هەولێر بووە لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی، سوڵتان مزەفەر یەکەم کەس بووە مەولوودنامەی خوێندووە و یادکردووەتەوە، ئەو ڕۆژە لە کاتژمێر 9ـی بەیانی تاکو شەو،مەولوودنامە خوێندراوەتەوە و وتاردراوە، ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام بەسەدان مەڕوماڵاتی دەبەخشی بە ھەژاران. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment