زانکۆی سلێمانی بەشێک لە زەوییەکانی بەسەر مامۆستا و فەرمانبەرەکانی دابەش دەکات

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری زانستی دەڵێت: ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر تەرخانكردنی زەوی لە زەوییەكانی زانكۆ بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەرانی سوودمەند نەبوو، دابەشیان بکات، ڕاشیگەیاند "دەستمان بە ڕێکارەکان کردووە بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، دکتۆر زانا مەحموود حەسەن، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی ڕەزامەندیمانداوە لەبارەی تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی  بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی زانکۆکە، کە لە وەرگرتنی زەویی سوودمەند نەبوون؛ ئەمەش وەک بەرز نرخاندنی ڕۆڵی ئەو فەرمانبەرانەیە، کە خزمەت دەکەن.

ئاماژەشیداوە، ئەو زەویانەی بەسەر فەرمانبەرانی دابەش دەکەن، بەشێکن لە زەوییەکانی زانکۆی سلێمانی، ئێستا لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی شارەوانیی سلێمانی لە پەیوەندی و هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی زەوییەکان و دیاریکردنی ناوی فەرمانبەرانی سوودمەند نەبوو.

دکتۆر زانا گوتیشی: ڕۆژی 14ـی ئابی 2025 بڕیاردرا بە دابەشکردنی بەشێک لە زەوییەکانی زانکۆ بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان، ئێستا دەست بە ڕێکاریی فەرمی دەکرێت و پاش هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان زەوییەکان تەرخان دەکرێن.

27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 چووە بواری جێبەجێکر.

 
Fly Erbil Advertisment