ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: مه‌ولوود عورفێكی جوانی شه‌رعییه‌

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان فەتوایەکی نوێی له‌باره‌ی دروستی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد درودی خوای لەسەربێت دەرکرد.

لەسەر ئەم فەتوایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ژمارەیەک لە هاووڵاتییان پرسیاری حوکمی ئاهەنگێرانی مەولوود بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پرسیاریان کرد و ئەنجوومەنی باڵای فەتواش بە کۆی دەنگی ئەنجوومەن فەتوای دەرکرد.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا گوتی: یادکردنەوەی له‌دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام ساڵانە لە نێو مزگەوتەکان و ماڵه‌كان و شوێنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دەکرێتەوە، عورفێكی شه‌رعی جوانه‌ و كارێكی له‌مێژینه‌ و شایسته‌ و شه‌رعییه‌، پێویستە موسڵمانان گرنگی پێبدەن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، چەندین خاڵی گرنگ هەن لە مولوودنامەکان دەکرێت، وەکوو: باسکردنی ژیانی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد درودی خوای لەسەربێت، دەربڕینی خۆشی بەهاتنە دونیای ئەو پێغەمبەرە، سوپاسکردنی خودایە، هەروەها چەندین بەڵگەی ئایەتی قورئانی پیرۆز لەسەر ئەم خاڵانە هەیە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، دەشڵێت: چەندین زانایای گەورەی ئیسلام ڕەواتییان بەو یادکردنەوە دایە، چونکە لە کاتی مەولوودنامە، قورئان دەخوێندرێت و یاد و ستایشی خوای گەورە دەکرێت.

ناکۆکی لەنێوان بەشێک لە موسڵمانان هەیە له‌باره‌ی یادکردنەوەی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد دروودی خوای لەسەر بێت، چونکە ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی پێیان وایە یادکردنەوەی دروست نییە و داهێنراوە.

هەروەها نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دوێنێ سێشەممە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ئەمڕۆوە ئامادەکارییەکان بۆ یادی مەولوود دەستیان پێکردووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕازاندنەوەی شاری هەولێر وەک سیمبوڵی ئەو یادە پیرۆزە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، گوتی: لە دوای 12ڕەبیعی یەکەم لە هەموو مزگەوتەکانی هەولێر بە درێژایی مانگی مەولوود، هەر ڕۆژەی لە مزگەوتێک مەولوود دەکرێت، چەندین بڕگە و بەرنامەی تایبەتمان دەبێت. 

ڕۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، هاوکاتە لەگەڵ 12ڕەبیعی یەکەم و ڕۆژی هاتنه‌دوای پێغه‌مبه‌ری ئیسلام دروودی خوای له‌سه‌ر بێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment