ڕێگەی کۆیە بۆ سماقوڵی کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازرگانی و گەشتیارییش دەبێت
کارکردن لە دروستکردنی ڕێگایەک بۆ بەستنەوەی کۆیە بە سماقوڵی بەردەوامە و بۆ ئەو پرۆژەیە 16 ملیار دینار تەرخانکراوە.
ڕێگای حەمامۆک _ میرسەید ، جێگرەوەی ڕێگای چنارۆک- هەیبەت سوڵتانە و ڕێگای کۆیە بۆ بەنداوی سماقوڵی لە 25 کیلۆمەتر بۆ 8کیلۆمەتر کورت دەکاتەوە، ڕێگاکە کارئاسانی بۆ بواری بازرگانی، کشتوکاڵی و گەشتیاری و هاتوچۆی هاووڵاتیان دەکات، لە بەنداوی حەمامۆک لەکۆیەوە دەستپێدەکات و لەگەڵ بڕینی بەشێکی چیای هەیبەت سوڵتان دەگاتە نزیک بەنداوی سماقوڵی.
ئەگەر ئەم ڕێگایەی ئێستا کاری تێدا دەکرێ تەواو ببێ، دانیشتوانی کۆیە دەتوانن بە کەمتر لە 10 خولەک بگەنە سەر بەنداوی سماقوڵی، ڕێگاکە لە بەنداوی حەمامۆکەوە بەسەر چیای هەیبەت سوڵتاندا دەچێتە گوندی میر سەید لە سنوری سماقوڵی، بۆ ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێ لەکۆیەوە بچنە سەر بەنداوەکە ڕێگای 25 کیلۆمەتریان بۆ 8 کیلۆمەتر بۆ نزیک دەکاتەوە، ڕێگای حەمامۆک میرسەید، وەک ڕێگایەکی جێگرەوە بۆ ڕێگای هەیبەت سوڵتان چنارۆک دروست دەکرێت کە بەرێوبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی کۆیە چەند ساڵێکە هەوڵ دەدات وەک پڕۆژەیەکی گرنگ لە سنورەکە جێبەجێی بکات.
کۆسار حەمەساڵح، بەرێوبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی کۆیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەک لە ئامانجەکانی پرۆژەکە ئەوەیە، ببێتە جێگرەوەی ڕێگەی هەیبەت سوڵتان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەیەکی گەشتیارییە بۆ بەنداوی سماقوڵی کە بەنداوێکی گەشتیارییە، ڕغەیەکە وادەکات گەشتیاران بە نزیکترین کات بگەنە بەنداوی سماقوڵی، سەرباری ئەوەی ڕێگەکە ڕەهەندێکی کشتوکاڵیشی هەیە.
ڕێگای حەمامۆک _ میرسەید ، جگە لە گرنگی لەبواری هاتوچۆ و کشتوکاڵی و پیشەسازی، لە بواری گەشتیاریدا ئاسانکاری بۆ گەشتیاران دەکات تا بەکاتێکی کەمتر و ڕێگایەکی سەلامەت بگەنە بەنداوی سماقوڵی.
لەگەڵ تەواوبوونی بەنداوی سماقوڵی لەساڵی 2017 ، بەنداوەکە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری لێکراوەتەوە و بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش گەشتیاران لە کۆیە و هەولێر و ئیدارەی راپەرینەوە ڕووی تێدەکەن ، دروستکردنی ڕێگای میرسەید هاتوچۆی گەشتیاری بۆ سەر بەنداوەکە ئاسانتر دەکات ،
سڵاح جەلال، هاوڵاتییەکی سنوورەکەیە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: پرۆژەیەکی زۆر گرنگە لە ناوچەکە، ڕێگەکە نزیک دەکاتەوە لە زۆر شوێن، بە 10 خولەک لە سماقوڵییەوە دەتوانین بچینە کۆیە، ئەگەر لەڕێگەی هەیبەت سوڵتانەوە بۆی بچین، نزیکەی نیو کاتژمێری پێدەچێت، ئێستا بەهۆی ئەو ڕێگەیەوە، کۆیە وەک گەڕەکێکی نزیکی لێهاتووە، بۆ هەر کارێک دەتوانرێت بە 10 خولەک بۆ بچیت و بە 10 خولەک بگەڕێیتەوە، نەوەک تەنیا سماقوڵی، بەڵکو دۆڵی هیرانیش سوودی لێ وەردەگرێت.
ڕێگای حەمامۆک _ میرسەید ، مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بەردی بناغەکەی بە گوژمەی ٣3ملیار و 810 ملیۆن دینار دانرا ، ئێستا گۆڕانکاری لە دیزاین و کواڵێتی پڕۆژەکە کراوە و بودجەکەی بۆ چوارهێندە کە 16 ملیارە بەرز کراوەتەوە و لەماوەی 450 رۆژدا تەواو دەکرێ.
