گرانیی بازاڕ خەڵکی ئێرانی هەراسان کردووە

دەستکەوتی ڕۆژانەی کرێکارێک یەکسانە بە نرخی حەوت نان

دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی لە بازاڕەکانی دراودا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و بارێکی گران بەسەر شانی چینی هەژاران و کەمداهاتی ئێرانەوە. 

ئاژانسی هەواڵی ئیرانا لە ڕاپۆرتێکدا، گوزەرانی چینی کرێکاران و کەمداهاتان ڕوون دەکاتەوە و بڵاوی کردووەتەوە "کاتێک فەرمانی بازاڕ و نرخی ئازاد لە گۆشت، پاقلەمەنی، هێلکە، نان و دەرمانەوە پێشوەختە دەرچووە، هاوتاکردنی بەهای دراو کارەساتێکی نوێیە بۆ سەر بژێوی خەڵک.

مووچەی مانگانەی کرێکار 14 ملیۆن تومەنە و نرخی نانی یەک سەنگەکی ناستاندارد، لە شارە گەورەکان و تاراندا 50 هەزار تومەنە، واتە کرێکارێک ڕۆژێکی تەواو کار دەکات بۆ ئەوەی تەنیا حەوت نانی وشک بکڕێت!

بیانووی حکوومەت بۆ 52% گرانبوونی نان لە هاوینی ئەمساڵدا، زیادبوونی تێچووی نانەواخانەکان و کەمبوونەوەی قازانجیانە، بەڵام لە ڕاستیدا هۆی سەرەکی ئەوەیە کە حکوومەت ئامادە نییە بۆ ئاردی نانەواخانەکان یان بە واتایەکی ڕاستتر، بۆ نانی خەڵک، پشتیوانیی دارایی بدات و پێی باشترە نان گران بکات بە شێوەیەک کە تێچووی کڕینی 7 نانی جۆری سەنگەک بەرانبەر بێت بە کەمترین دەستمایەی ڕۆژانەی پەسەندکراو لە ئەنجومەنی باڵای کار.

پێشبینیی هاوتاکردنی بەهای دراو و لێکەوتەکانی

بە گوتەی وەزیری ئابووری، بە جێبەجێکردنی سیستەمی دراوی یەکنرخ و بەڕێوەبردنی نرخی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، دەتوانین ناسەقامگیریی نرخی دراو کەم بکەینەوە و سەقامگیریی ئابووری بۆ پشتیوانیی لە بەرهەمهێنان و باشترکردنی ژیانی خەڵک بەدی بهێنین.

نزیکەی 34%ی هاوردەی وڵات لە ڕێگەی دراوی دەرەکییەوە بە نرخی 28 هەزار و 500 تومەن دەکرێت و پرۆژەی هاوتاکردنی نرخی دراو لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی نرخی دەرمان، ئامێرە پزیشکییەکان، گەنم، ڕۆن، گۆشت، و دیکەی پێداویستییە گرنگەکانی خەڵک.

کاڵاکانی وەک دەرمان، ئامێرە پزیشکییەکان، گەنم، گۆشت و ڕۆن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەنێوان 50 بۆ 100% گران بوونە و بە سەپاندنی دراوی یەکنرخ، دیسان گران دەبنەوە. لە مانگەکانی ڕابردوودا، هەندێک لە دەرمانە پێویستەکانی خەڵک، لەلایەن کۆمپانیا دەرمانسازییەکانەوە 400% گران کران؛ ئەم گرانبوونەش بە مۆڵەتی حکوومەت و دیسانەوە بە بیانووی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی دەرمان بوو؛ واتە حکوومەت ئامادە نەبوو پشتیوانیی دارایی بۆ دەرمانی خەڵک بکات!

ئەنجامەکانی ئازادکردنی بازاڕ

حکوومەت ئامادە نییە پشتیوانیی دارایی دەرمانی خەڵک بکات؛ ئامادە نییە پشتیوانیی دارایی نانی خەڵک بکات، ئەو خەڵکەی کە زیاتر لە 60 یان 70%یان کرێکار و هەژارن ؛ حکوومەت دەیەوێت بەرەو ئازادکردنی هەموو نرخەکان و لابردنی گشت دراوی یاریدەدەر بە بیانووی دژایەتیی سوو و گەندەڵی، هەنگاو بنێت؛ سیاسەتی سکهەڵگوشینی حکوومەت بە واتایەکی ڕاستەقینە، سفرەی هەژارانی ڕاماڵیوە.

مازیار گیلانی نەژاد، چالاکوانی کرێکاری لەبارەی سیاسەتە دژە پشتیوانیی دارایی و دژە کرێکارییەکانی حکوومەت، دەڵێت: ئەمڕۆ گۆشت بە قەرزیش دەفرۆشن؛ کڕینی یەک کیلۆ گۆشت بەرامبەرە بە ڕۆژانەی سێ ڕۆژی کرێکارێکی سادە. بەڵام هەژارترکردنی خەڵک لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کار، بڕیارە ئەمساڵ پشتیوانیی دارایی 18 ملیۆن کەسی دیکە بوەستێنرێت.. بەڵام دیسانەوە چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، بڕیاری حکومەت بۆ گرانبوونی کاڵا سەرەکییەکان و دەرمان دۆخەکەی خراپتر کردووە؛ هاوتاکردنی بەهای دراویش قەیرانەکە سەختتر دەکات.

گیلانی نەژاد، گوتیشی: لەم دواییانەدا بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و پلاندانانی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند "ئەمساڵ نرخی کتێبەکانی خوێندن 60% گران بوونە". بەم شێوەیە، نانی گران، خوێندنی گران، دەرمانی گران، ئەمە پەیامێکە کە وەزیرانی حکوومەت بەردەوام بە خەڵکی دەدەن! بەو بیانووەی کە حکوومەت پارەی نییە.. بەڵام ئەوان ناڵێن "حکوومەت چۆن 3.5 ملیار دۆلاری هەیە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مودێل بەرزی دەرەکی، بۆ دەوڵەمەندەکان، یان 8 ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵا ناسەرەکییەکان و 4 ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی پارچەی ئۆتۆمبێل کە تەنها دەوڵەمەندەکان ئەم کەرەستە لوکسانە بەکار دەهێنن!" ئەم سامانی گشتییە کە هی هەموو خەڵکە و دەبێت ئازار و ناڕەحەتی خەڵک کەم بکاتەوە، کەچی تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی و خۆشیی دەوڵەمەندەکان و سەدا یەکەکانی کۆمەڵگە خەرج دەکرێت، لە کاتێکدا کە نان 52% گران دەبێت، دەرمان 400% و..

لەم دۆخەدا، کاتێک پێشوەختە، فەرمانی ئازادکردنی کاڵا سەرەکییەکان وەک گۆشت و پاقلەمەنی و هێلکە و نان و دەرمان دەرچووە، هاوتاکردنی بەهای دراو کارەساتێکی نوێیە یان بە واتایەکی ڕاستتر، بوومەلەرزەیەکی نوێیە کە ماڵ و ژیانی چینی کرێکار و هەژاران وێران دەکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment