ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لە هەژارترین ناوچەکانی ئێرانە

مەریوان
مەریوان

بە تێکچوونی دۆخی ئابوریی ئێران و دابەزینی بەهای دراوی ئەم وڵاتە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە یەک لە هەژارترین ناوچەکانی ئێرانە و زۆرترین ڕێژەی بێکار و هەژاریی لێ تۆمار کراوە، زیاتر لە ڕابردوودا تووشی قەیرانی ئابووری بووەتەوە.

 لە رۆژهەڵاتی کوردستان بازاڕ سست بووە و هاووڵاتییان توانای کڕینی پێداویستییەکانی ژیانیان نەماوە، بەم حاڵەش کەلوپەلەکان ڕۆژ دوای رۆژ زیاتر گران دەبن.

بە پێی راپۆرتە فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لە هەژارترین ناوچەکانی ئێرانە، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ دابەزینی بەهای دراوی ئێران و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ سەرووی 100 هەزار تمەن، دۆخی ئابووریی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خراپتر بووە.

نادر قادری، هاووڵاتییەکی کاسبی ڕيۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: بەشی سەرەکیی بازاڕی ئەو پارێزگایانە پشت بەو کەلوپەلانە دەبەستن کە بەسەر شانی کۆڵبەرانەوە لە باشووری کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، لەگەڵ دابەزینی بەهای دراوی ئێرانیش، نرخی هەموو کەلوپەلەکان بەرز بوونەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر داهاتی کاسبکاران و خاوەن دووکانەکان هەبووە. 

لەلایەکی دیکەوە، قاحید فەللاح، هاووڵاتییەکی دیکەی کاسبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابوورییەی هەموو ئێرانی گرتووەتەوە، پچرانی کارەبا و هێلەکانی ئینتەرنێت، زیانێکی زۆری بە خاوەن دووکانەکان گەیاندووە، لە کاتی بێ کارەباییدا بازاڕیان بە تەواوی سست دەبێت و پچرانی ئینتەرنێتیش فرۆشنی ئۆنلاینی کەم کردووەتەوە.

پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، چەند ساڵێکە لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا، زۆرترین ڕێژەی هەژاری و بێکاریان لە ئاستی ئێراندا تێدا تۆمارکراوە، بە چالاکبوونەوەی میکانیزمی (سناپ بەک) واتا گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران، دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان لەوەی ئیستا هەیە سەختتر بێت.