مامەڵەکردن بە پارە لەپێناو سوو لە بازاڕەکانی دراودا زیادیکردووە

نازم 30 ساڵە لە بازاڕی دراوەکە کار دەکات، دەڵێت: کەسانێک بەفێڵ، هەندێکیش بە سوو پارە لە خەڵک وەردەگرن و ناویان لێناوە قەرز.

نازم محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی دراو لە هەولێر  بە کوردستان24ـی گوت: خەڵک 20 ملیۆن دۆلار، 18 ملیۆن دۆلار، 30 ملیۆن دۆلار، 10 ملیۆن دۆلار و 5 ملیۆن دۆلار، زۆر ئاسایی لە بازاڕەکە مامەڵەی پێوە دەکات، من 30 ساڵە لەو بازاڕە کاردەکەم ملیۆنێک دۆلارم نییە، نازانم ئەو خەڵکە ئەو هەموو پارە زۆرە لە کوێ دێنێت.

بابەتێک لەنێو بازاڕی دراوی هەولێر لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، دەیان کەسی مایەپوچ کردووە، ئەوەی گرفتە ئەوەیە، ئەو مامەڵەیە بنەمای یاسایی و ئاینی نییە، بەڵام یاسا لەو جۆرە مامەڵەیە بێئاگا نییە چونکە دەچێتە چوارچێوەی فێڵکردن، بۆیە ئەو جۆرە مامەڵەیە سزای لەسەر داندراوە.

پارێزەر ڕێبوار جەلال لەبارەی ئەو شیوازە مامەڵەکردنە بە دراو بۆ کوردستان24 گوتی: پرسەکە بە یاسا ڕێکخراوە،  ئەگەر زیادەی پارە هەرچەند بێت، لەڕووی شەرعەوە حەرامە و سزای دوایی لەسەرە، ئەوەی خۆی بە موسڵمان بزانێت، نابێت خۆی لەو شێوازە مامەڵەیە بدات، لەڕووی یاساییەوەش، یاسای سزاکانی عێراقی ئەو بابەتەی ڕێکخستووە بەپێی ماددەی(456)، هەر کەسێک بڕە پارەیەک وەربگرێت بە (ڕیبا) بەرانبەر ئەوەی بۆ خاوەنی پارەکە بیگەڕێنێتەوە، یاخوود پارەکە دەخاتە نێو مامەڵەیەک و سووێکی دەچێتە سەر کە زیاترە لە سەدا(7)، ئەمە دەچێتە خانەی ماددەی(456) لە یاسای سزادانی عێراقی کە سزای پێبژاردنی بۆ دیاریکراوە، یاخوود زیندانیکردن.

کەسانێک لەنێو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر و بەشێکیشیان لە دەرەوەی بازاڕەکە، ئەمجۆرە مامەڵەیە دەکەن، بە نموونەش، 10 هەزار دۆلار بە قەرز وەردەگرن و لەبەرانبەردا وەکو دڵنیاکردنەوە، ڕێک پارەکە دەدەنەوە خاوەنی قەرزەکە، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەکاندا پارەی قەرزدەرەکە کە لەپێناو قازانجدا داویەتی، دەفەوتێت.

پێدانی قەرزی دۆلار بەرانبەر بە دینار بە کەسانێک کە مامەڵە دەکەن لەم بازاڕەدا، گرفتی زۆری بۆ بەشێک لە کاسبکاران و ئەوانەی مامەڵەکاریشن، دروستکردووە، بەدەیان کەس زیانیان کردووە و کەسانێکیش تەواو مایەپوچ بوون، ئەمە گرفتێکە لەڕووی یاساییەوە، هەروەها لەڕووی ئاینیشەوە، بنەمایەکی نییە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment